گۆڕان: بە بڕیاری خۆمان چووینە ناو حكوومەت و پێویستمان بە ئامۆژگاری یەكێتی نییە

:: PM:10:23:05/02/2020 ‌

بەشێك لە سەركردە و میدیاكانی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بەو ئاراستەیە ئیش دەكەن كە وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان تووشی رووگیری بكەن و سەرنجیان لەسەر ئەوان چڕ كردووەتەوە، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكەیش رای دەگەیەنێت كە پێویستیان بە یەكێتی نییە ئامۆژگاریان بكات لەوەی لەناو حكوومەتدا چی بكەن و نەكەن.
بەرنامە و ئامانجی خۆیان لەناو حكوومەت هەیە و كاری بۆ دەكەن
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی و میدیاكانیان كار بەو ئاراستەیە دەكەن كە سەرنجی رەخنەكانیان لەسەر وەزیرەكانی گۆڕان، بەتایبەت وەزیری دارایی چڕ بكەنەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی گۆڕان رووگیر بكەن و هەر رۆژە و روونكردنەوە لەسەر پرسێك بدەن.

نزار مەحموود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ چوارشەم 5ی شوباتی 2020 بە "وشە"ی راگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان بە بەرنامە و پڕۆگرامی سەربەخۆی خۆیەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی ئەنجام داوە و چووەتە ناو حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بۆ ئەو چەند مانگەیش لەناو حكوومەتدا بووە هەڵسەنگاندنی خۆی كردووە.

زیاتر گوتی، بزووتنەوەی گۆڕان پێویستی بە یەكێتی نییە ئامۆژگاری بكات كە لە حكوومەتدا چی بكات و چی نەكات، ئێمە بەرنامە و ئامانجی خۆمان هەیە و لەناو حكوومەتی هەرێمدا كار بۆ بەدیهاتنیان دەكەین.

لای خۆیەوە نەسرەدین مەحموود ئەندامێكی تری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، گۆڕان بزووتنەوەیەكی سیاسییە و بەو نیازەوە چووەتە ناو حكوومەت تا بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی جێبەجێ بكات.

زیاتر گوتی، پێویستمان بە هیچ كەسێك نییە ئامۆژگاریمان بكات، چونكە ئێمە لە جڤاتی نیشتمانی لە چەند كۆبوونەوەیەكدا هەڵسەنگاندنمان بۆ كارەكانمان لەناو حكوومەتدا كردووە و ئەو رێككەوتنە سیاسییەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردوومانە چاودێری دەكەین.

بەرپرسەكەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیشی زیاد كرد، ئێمە رەخنەی بنیاتنەر لە حكوومەت دەگرین و دەمانەوێ باشترین خزمەتگوزاری پێشكەیشی هاووڵاتییانی خۆی بكات، بەڵام رەخنەیەك ناگرین كە رووخێنەر بێت و مەبەستمان ئەوەبێت حكوومەت بڕوخێنین.

دووپاتی كردەوە، ئێمە كە چووینە ناو حكوومەت پرس و رامان بە كەس نەكرد و ئێستەیش بۆ كاركردن ئامۆژگاری كەسمان ناوێ.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل