270 ملیار دینار گەندەڵی لە وەزارەتی كار ئاشكرا دەبێت

:: PM:08:15:13/02/2020 ‌
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، گرێبەستێكی بە بەهای 270 ملیار دینار كە بوونی نییە واژوو كردووە و ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی وەزارەتەكەشی لە پۆستەكەی دوور خستووەتەوە. پەرلەمانتارێك هەڕەشەی سكاڵا و درانە دەستەی دەستپاكی لێ دەكات ئەگەر هەڵەكانی راست نەكاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی شوبات، هودا سەجاد پەرلەمانتار ئاشكرای كرد، باسم عەبدولسەلام ئەلروبێعی وەزیری كار گرێبەستێكی بە بەهای 270 ملیار دینار كردووە، بەڵام پڕۆژەكە وەك خەیاڵی وایە و هیچ شتێكی لەسەر زەوی دیار نییە.

سەجاد لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، هۆشداری دەداتە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە حكوومەتی كاربەڕێكەری عادل عەبدولمەهدی، لە ئەنجامدانی هەر كارێكی نا بەرپرسانە و نا یاساییانە بە تایبەت لە خەرج كردنی پارەی سندووقی خانەنشینی و گەرەنتی كۆمەڵایەتی كرێكاران، ئەنجامدانی پڕۆژەی وەهمی و دوورخستنەوەی ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی بە توانا لە پۆستەكانیان.

وەزیری كار گرێبەستێكی وەهمی بە 270 ملیار دینار كردووە


زیاتر گوتی "وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، گرێبەستێكی بە بەهای 270 ملیار دینار لە پارەی سندووقی خانەنشینی كرێكاران كردووە، پڕۆژەكە بوونی نییە و نا ڕاستە".

بە قسەی هودا سەجاد، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی بەوەیش نەوەستاوە، بەڵكو ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی فەرمانگەی خانەنشینی و بیمەی كۆمەڵایەتی زۆر بە خێرایی لە پۆستەكانیان دوور خراونەتەوە، بەڕێوەبەری بەشی دارایی و ژمارەیەك لە ژمێریار و كارگێڕی گشتی بیمەی كۆمەڵایەتی لە پۆستەكانی لاداون.

ئەو پەرلەمانتارە لە بەیاننامەكەیدا هەڕەشەی سكاڵا لە دژی وەزیری كار و پەنا بردنە بەر دەستەی دەستپاكی دەكات ئەگەر ئەو "لادانان و پێشێلكاریانە" نەوەستێنێ، دووپات لەوەش دەكاتەوە ئەگەر وەزیری كار هەنگاو بۆ ئەنجامدانی ئەو پێشێلكاریانە هەڵگرێت و كار نەكات بۆ راست كردنەوەی هەڵە و كارە نا یاساییەكانی ئەوا سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەم و دەیدەمە دەستەی دەستپاكی.



وشە - فه‌رمان سادق