تیۆری پیلانگێڕی.. ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تاقیگەیەكی نهێنی دروستكراوە و بە هەڵە بڵاوكراوەتەوە

:: PM:06:50:15/02/2020 ‌
لەگەڵ ئەوەی رۆژ دوای رۆژ ژمارەی قوربانیان زیاتر دەبن و تووشبووانیش لە هەڵكشاندان، مشتومڕ لەسەر تیۆری شەڕانگێزی لە بارەی خودكاری مرۆڤ لە بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرێت. زانایەك دووپات لەوە دەكاتەوە كە ڤایرۆسەكە بە سروشتی خۆی گەشەی كردووە و مرۆڤ دەستی تێدا نەبووە.

ئەمڕۆ شەموو 15ی شوبات، دوای زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەرزتر بوونەوەی ژمارەی قوربانیان و تووشبووانی، تیۆری پیلانگێڕی لەبارەی دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی بكوژی وەك كۆرۆنا دەكرێت كە ئەو كەسەی دروستی كردووە، هەر خۆیشی بڵاوی كردووەتەوە.

تیۆری پیلانگێڕی لە بارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زانایانی تایبەتمەندی ناچار كرد كە پشكنین و شیكردنەوە بكەن لە بارەی ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تیۆری پیلانێگیڕی بووە كە پێشتر لە رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ـی ئەمەریكی بڵاوكرابووەوە.

پێكهاتەی ڤایرۆسەكە ئەوە دەردەخات كە بەشێوەی سروشتی گەشەسەی سەندووە


بەگوێرەی رۆژنامەكە بێت، یەكێك لەو تیۆرانە باس لەوە دەكات كە چین خۆی دروستكەری ڤایرۆسەكە بووە وەك چەكێكی بایۆلۆجی لە تاقیگە نهێنییەكانی، بە هەڵە ڤایرۆسەكەی بڵاو كردووەتەوە.

ئەو تیۆرە پشت بە بوونی تاقیگەی نهێنی ڤایرۆسەكان دەبەستێت بنكەی سەرەكی دەكەوێتە شاری ووهان "ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە"، تاقیگەكەش حكوومەت خاوەنداریەتی دەكات. هەندێكی تریش پڕوپاگەندەی ئەوە دەكەن رەنگە ڤایرۆسەكە لە رێگەی ئامێرەوە بە نهێنی بڵاوكرابێتەوە.

تیۆری پیلانگێڕی پاڵی بە زانایان نا كە توێژینەوە لەسەر بونیادی ڤایرۆسەكە و وردەكارییەكانی بكات، تا ئێستەش گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنا، جۆرێك ڤایرۆسی گەشەپێدراوە لەسەر بونیادی ڤایرۆسێكی تر كە هێشتا ڤایرۆسە بنەڕەتییە گەشەپێدراوەكە بڵاو نەكراوەتەوە و ونە.
 

دكتۆر تریفۆر بیدفۆرد لە ناوەندی فرێد هاچینسون بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە لە سیاتل لە ویلایەتی واشنتنی ئەمەریكی دەڵێ، پێكهاتەی ڤایرۆسەكە ئەوە دەردەخات كە بەشێوەی سروشتی گەشەسەی سەندووە، نەك وەك ئەوەی دەگوترێت گۆڕانكاری بەسەر بونیاد و پێكهاتەی هاتبێت.

ئەو زانایە كە پێشتریش توێژینەوەی لەسەر ڤایرۆسی "سارس 2" كردووە، دووپات لەوە دەكاتەوە كە هیچ دەستكارییەك بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا نەهاتووە و دەستكاری كڕۆمۆسۆمەكانی و بۆماوەیی نەركراوە.

قسەكانی بیدفۆرد لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ پێشكەوتن لە زانست هات، دەڵێ، هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنەر نییە ئەوە بسەلمێنێت كە دەستكاری بونیادی ڤایرۆسی كۆرۆنا كراوە، بەمەش بوونی تیۆری پیلانگێڕی لە پشت بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پووچەڵ دەكاتەوە.  زیاتر گوتی "تاكە بەڵگەی دەست لێكۆڵەران ئەوەیە كە چینەكانی ڤایرۆسەكە بە سروشتی خۆی گەشەی كردووە، ئەمەش گەشەكردنێكی سروشتییە و ڤایرۆسەكان بە بەردەوام بەو قۆناغی گەشەكردنە تێدەپەڕن".

بەگوێرەی دیوەی زانستییەكەی بێت، ڤایرۆسەكان بەردەوام خۆیان لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر دەگونجێنن، ئەمەش لە پێناو مانەوە لە ژیاندا، ئەمەش بەیەكێك لە بەربەستەكانی دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان دادەنرێت.

بۆچوونی تیۆری شەڕانگێزی زیاتر لەوێوە بووە بە باس و بڵاوبووەوە، كاتێك هەندێك لە لێكۆڵەرانی هیندی بەڵگەیەكی زانستیان بڵاوكردەوە و ئاماژەیان بەوەدا كە ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر لە ڤایرۆسی ئایدز دەچێت.

ئەگەرچی هەرزوو لێكۆڵەرە هیندییەكان لەو بەڵگە زانستییە پاشگەز بوونەوە، بەڵام ئەو تیۆری شەڕانگێزییە هەرزوو دنیای تەنی.

بەگوێرەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، پەتای "كوفید-19" لە رێی بۆڕی هەناسەوە زیاتر دەگوازرێتەوە، هاوكات لە رێگەی دەست لێدان لە تەنێك یان ناوچەیەكی پیس بوو بە ڤایرۆسی خێزانی "كۆرۆنا" كە لە بنەڕەتدا ئەو خێزانە سەر بە خێزانی ڤایرۆسی "سارس"ـە.



وشە - فه‌رمان سادق