وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێك لەبارەی هێرشەكەی چەخماخە بڵاو دەكاتەوە

:: PM:08:50:20/02/2020 ‌

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو پاشماوەی چەكدارانی داعش هێرشێكی لەناكاویان كردە سەر گوندی چەخماخە لە رۆژئاوای كەركووك و ژمارەیەك شەهید و برینداری لێ كەوتەوە، وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی كردەوە كە ئەركی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دەكەوێتە ئەستۆی هێزەكانی عێراق و داوای بەشداریكردنی پێشمەرگەی لەو ئەركەدا كرد. 
دەتوانرێت بەهاوئاهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق سەقامگیری ناوچەكە فەراهەم بكرێت
وەك لە بەشێكی راگەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، شەوی 18 لەسەر 19ی ئەم مانگە لەئەنجامی پەلامارێكی ترسنۆكانەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندی چەخماخەی سەر بە شارۆكەی دووبز لە رۆژئاوای كەركووك، چوار هاووڵاتی شەهید و سێ هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.

لە راگەیندراوەكە هاتووە، چەندین جار وریاییمان داوە لەبارەی مەترسیی جموجۆڵەكانی داعش لەو ناوچانە و هەلی سەرهەڵدانەوەیان لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە تەناهییەی هەیە، بۆیە رایدەگەینین كە پاراستنی سەروماڵی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەركی حكوومەت و سوپا و هێزەكانی عێراقە و سەلامەتی ئەوان لەئەستۆی ئەو هێزانەدایە كە لەو ناوچانە بوونیان هەیە. 

دووپاتی كردەوە، بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە، داوا دەكەین لە رێگەی گفتوگۆی نیشتمانی و بەرپرسیارانە هەنگاوەكانی رێككەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق كورتتر و خێراتر بكرێت، هاوكات ئەو بۆشاییە تەناهییەی ئەو سنوورە بەهاوبەشیی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕ بكرێتەوە.

لە كۆتادا راگەیندراوەكەی وەزارەتی پێشەرگە ئاماژە دەكات كە هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە، ئێستەیش دەتوانرێت بەهاوكاری و هاوئاهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە تەناهییەكان،  ئاسایش و سەقامگیری تەواوەتی بۆ ئەو ناوچانە فەراهەم بكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل