گەنجانی گەرمیان: نامانەوێ شاسوار بۆ مەبەستی خۆی مامەڵەمان پێوە بكات

:: PM:10:40:22/02/2020 ‌

دوای چەند رۆژێك لە بانگەشەی خۆپێشاندانی فرەوان و چوونە سەر شەقام، شاسوار عەبدولواحید نەیتوانی ئەوەی خەونی پێوە دەبینی جێبەجێی بكات و چالاك و گەنجان دووپاتی دەكەنەوە گە نایانەوێ ببنە هۆكارێك بۆ ئەوەی شاسوار بۆ بەرژەوەندی خۆی مامەڵەیان پێوە بكات.
وەك سیاسەتوانێك خۆی دەرخست و ئەوەیش پێچەولانەی قسەكانی بوو
شاسوار ویستی لەو خۆپێشاندانەی ئەمڕۆ لە سلێمانی زیاترین لایەنگر كۆ بكاتەوە و پێشانی بدات كە شەقام و گەنجی دانەمەزراو و بیكاری لەپشتە، بۆ ئەوەیش داوای لە گەنجانی شارۆكەكانی كەلار و كفری و شارەدێكانی رزگاری و شێخ تەویل و باوەنوور لە سنوری گەرمیان كردبوو بۆ بەشداریكردن لەو خۆپێشاندانەی ئەمڕۆ هاتە سازكردن.

 كارزان محەمەد وەك یەكێك لەو گەنجانەی كە لەلایەن لایەنگرانی شاسوارەوە بۆ خۆپێشاندان بانگهێشت كرابوو بۆ "وشە" روونی كردەوە، جگە لە خۆم دەیان گەنجی دانەمەزراوی تر داوای لایەنگرانی شاسوارمان رەت كردووەتەوە بۆ ئەوەی بچنە سلێمانی و بەشداری خۆپێشاندان  بكەین، چونكە نامانەوێ ببینە هۆكارێك بۆ ئەوەی شاسوار بۆ بەرژەوەندی خۆی مامەڵەمان پێوە بكات.

محەمەد خورشید چالاك و شارەزای سیاسی بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، جۆری قسەكردنی شاسوار كە وەك سیاسییەك خۆی دەرخست، پێچەوانەی گوتەكانی بوو كە دەیگوت، بۆخۆم وەك هاووڵاتییەك لەگەڵ خەڵك دێمە سەر شەقام، كە دەبوو گوتاری نەبوایە.

ئەو چالاكە دووپاتی كردەوە، ئەوانەی كە مێژوویەكی پڕ لە تێكۆشانیان نییە و لە گەندەڵیدا تێوەگلاون، دەیانەوێ شكستی خۆیان بشارنەوە، بەڵام چیتر خەڵك رێگە نادات لەلایەن بازرگانە بەناو سیاسییەكانەوە بەكاربهێنرێن. 

شایەنی باسە بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، هیچ كەسێك لە خۆپێشاندەر و قوربانییەكانی 17ی شوبات و 25 ی شوبات، ئامادە نەبوون تیكەڵ بەلایەنگرانی شاسوار ببن.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل