یەكێتی پێڕەوی خۆی پەسەند كرد و سبەی كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

:: PM:01:54:23/02/2020 ‌
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێڕەوی ناوخۆی حزبەكەی بە ڕاپۆرتی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێـتی پەسەند كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی شوبات، مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی پرۆگرامی یەكێتی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا، ڕاپۆرتەكەی كۆسرەت ڕەسووڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتیش بۆ كۆنگرە قسەی لەسەر كرا و پەسەند كرا.

سەرۆك بارزانی پێشتر پیرۆزبایی لە یەكێتی كردووە
ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی گوتی، بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەمانەوێ بەشێك بین لە حكوومەتی عێراق و دژایەتی ناكەین و نامانەوێ حزبی كارتۆنی بە ناوی كوردەوە لە بەغدا قسە بكات.

باسی لەوەش كرد، سەرۆك بارزانی پێشتر پیرۆزبایی لە یەكێتی كردووە و داواشی كردووە بافڵ تاڵەبانی سەردانی هەولێر بكات بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی گرنگ كە سبەی بەڕێوە دەچێت.

ئەو گوتانەی مستەفا چاوڕەش لە كاتێكدایە كۆبوونەوەكانی ئەو حزبە، ئەمڕۆ بە پەسەندكردنی پێڕەوی ناوخۆی تەواو بوو.



وشە - رامیار جەواد