بەهۆی كۆرۆناوە.. پاكستان و ئەفغانستان رێوشوێنی توند لەگەڵ ئێران وەردەگرن

:: PM:06:25:23/02/2020 ‌

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران و زیادبوونی ژمارەی قوربانیان، توركیا و پاكستان و ئەفغانستان و عێراق و كوێت رێوشوێنی توندی خۆپارێزی لەگەڵ ئەو وڵاتە وەردەگرن، ئەوەیش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە بۆ هەشت كەس.
ئێران تووشی تەنگژەیەكی تری دابڕان دەبێتەوە
بەپێی دوا ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆلێرە لە دنیا، تا ئێستە 78804 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوونە 2463 كەسیش گیانیان لەدەست داوە، هاوكات زانیارییەكان ئاماژە بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانی رۆژانە لە دەرەوەی ووهان لە چین دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم وەك رێوشوێنێكی خۆپارێزی، پاكستان داخستنی سنوورەكانی لەگەڵ ئێران بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە راگەیاند، لەوكاتەی ئەفغانستان قەدەغەی هاتوچۆی هاووڵاتییانی لە ئێرانەوە و بۆ ئێران سەپاند، هەر ئەمڕۆ فەخرەدین قۆجە وەزیری تەندروستی توركیا داخستنی سنوورەكانی لەگەڵ ئێران راگەیاند.

بەپێی زانیارییەكان ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە 43 حاڵەت و هەشت كەسیش گیانیان لەدەست داوە، بەو هۆیەوە وڵاتانی دراوسێی ئێران گەشت و هاتوچۆی هاووڵاتییانیان بەرەو ئێران لە ئێرانەوە وەستاندووە لەوانە عێراق و كوێت.

ئەمڕۆ یەكشەم بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، فەرمان كراوە بەدرێژكردنەوەی وەستاندنی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی ئێران كە دەیانەوێ سەردانی عێراق بكەن، ئەوەیش دوای ئەوەی پێنجشەمی رابردوو ئەو فەرمانە بۆ ماوەی سێ رۆژ درابوو و ئەمڕۆ نوێ كرایەوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل