رێكخراوی قاعیدە دان بە كوژرانی سەركردەی لە یەمەن دادەنێت

:: PM:09:51:23/02/2020 ‌

دوای ئەوەی پێنجشەمی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە بەرپرسی رێكخراوی قاعیدەیان لە یەمەن لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازیدا كوشتووە، ئەمڕۆ یەكشەم رێكخراوەكە دووپاتی كوژرانی قاسم ریمی كردەوە.
ئەندامانی بۆ هێرشكردنە سەر ئەمەریكا و ئەوروپا هان داوە
ماڵپەڕی "سایت"، كە هەواڵی گرووپە توندڕۆكان دەگوازێتەوە، دووپاتكردنەوەی رێكخراوی قاعیدەی بۆ كوژرانی ئەو فەرماندەی رێكخراوەكەی گواستەوە، لەوكاتەی پێنجشەم ترەمپ رای گەیاندبوو كە لە ئۆپراسیۆنێكی سوپای ئەمەریكا لە یەمەن قاسم ریمیان كوشتووە كە جێگری ئەیمەن زەواهیری سەركردەی رێكخراوەكەیە.

قاسم ریمی لەدایكبووی 1978ە لە تەمەنی 15 ساڵیدا پێوەندی بە رێكخراوی قاعیدە كردووە و چووەتە ئەفغانستان و هاوەڵی ناسڕ وحێشی سەركردەی پێشووی قاعیدە بووە لە یەمەن، كە لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمەریكا لە 2015 كوژراوە.

لە 2010 لەلایەن ئەمەریكاوە خراوەتە ناو لیستی تیرۆر و لە 2013 داوای لە موسڵمانانی ئەمەریكا كرد هێرش لەدژی ئەو وڵاتە ئەنجام بدەن و لە 2017 موسڵمانانی لەدژی ئەوروپا هان دا، هەر لەو ساڵە لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمەریكا رزگاری بوو كە 14 سەركردەی قاعیدەی تیادا كوژرا و لە 2018 ئەمەریكا بڕی پاداشتی زانیاریدان بۆ گرتنی لە 5 بۆ 10 ملیۆن دۆلار زیاد كرد. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل