وەزیری تەندروستی: 13 شوێن بۆ تووشبوو بە كۆرۆنا دابین كراوە

:: PM:12:40:24/02/2020 ‌
وەزیری تەندروستی ئاشكرای دەكات 13 شوێن لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەو كەسانە دیاری كراوە کە لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی شوبات، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، وەزارەتی تەندروستی لە ئامادەكارییەكانی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە و ڕێنوێنیی تەندروستییان بە خاڵە سنوورییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكە داوە.

دەبێت ماوەی 14 ڕۆژ لەو شوێنانە بمێننەوە
وەزیری تەندروستی گوتی، تیمەكانی تەندروستی لە خاڵە سنورییەكان جێگیر كراون و پشكنین بۆ هەموو ئەو كەسانە دەكرێت كە دێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، هەروەها 13 شوێنیان بۆ دیاری کراوە، لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی، ئەو كەسانە دەبێت ماوەی 14 ڕۆژ لەو شوێنانە بمێننەوە.

داوای کرد، لە كاتی زۆر پێویست نەبێت گەشتكردن نەك بۆ ئێران بەڵكو بۆ سەرجەم وڵاتان ڕابگرن، هەروەها ئەو كەسانەی لە دەرەوە دەگەڕێنەوە دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشكی و بە وردی پشكنیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

وەزیری تەندروستی دەنگۆی تۆماركردنی حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای ڕەت كردەوە و گوتی، هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە و بەردەوام لەگەڵ تەندروستیی جیهان لە گفتوگۆدا دەبین.



وشە - رامیار جەواد