كۆرۆنا لە زیاتر لە 40 دەوڵەت بڵاو بووەتەوە

:: PM:07:37:26/02/2020 ‌

ماوەی چەند مانگێكە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری ووهانی چینی هاتە راگەیاندن و جیاواز لە ڤایرۆسە هاوشێوەكانی بڵاوبوونەوەیەكی خێرای بەخۆیەوە بینی و ئێستە لە زیاتر لە 40 دەوڵەتی دنیا هەیە و ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە سەرووی 80 هەزار و ئەوانەیشی گیانیان لەدەست داوە بۆ سەرووی 2700 كەس.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە پێویست بەو هەموو ترسە ناكات
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فرەوانی ڤایرۆسەكە، بەڵام تا ئێستە زۆرینەی ژمارەی تووشبووان و قوربانیان لە چینن كە 78 هەزار تووشبوو و 2715 گیانلەدەستدانی هەیە، هانز كلۆج بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەوروپا دەڵێت، پێویست بەو ترسە ناكات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، كاتێك 96%ی تووشبوون لە چین تۆمار كراوە، دۆخەكە پێویست بە هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە. 

لە چین كە ڤایرۆسەكە لەوێ سەری هەڵداوە، ئەمڕۆ چوارشەم دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند كە ژمارەی تووشبووان گەیشتووتە 2715 كەس، بەڵام تێكڕای تۆماركردنی رۆژانەی تووشبووان بە بەراورد بە پێش سێ هەفتەی رابردوو كەمی كردووەتەوە و زۆرینەیشی لە هەرێمی هووبی لە ناوەڕاستی چینە كە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكەیە.  

هەرچی وڵاتانی ترە كە ئەو ڤایرۆسەی تیادا بڵاو بووەتەوە بریتین لە كوێت و بەحرێن و سعوودیە و ئیمارات و عومان و قەتەڕ و عێراق و لبنان و جەزائر و ئوردن و مسڕ و نیپال و ئێران و ژاپۆن و كۆریای باشوور و سەنگاپوور و هۆنكۆنگ و تایلەند و تایوان و مالیزیا و ڤێتنام و مەكاو و فلیپین و هیندستان و ئەفغانستان و ئیسرائیل و بەریتانیا و ئیسپانیا و یۆنان و فڕەنسا و ئیتاڵیا  و بەلجیكا و ئەڵمانیا و رووسیا و كرواتیا و فنلەندا و رۆمانیا و سوید و هۆڵەندا و ئەمەریكا و ئوسترالیا و كەنەدا و بەرازیل و كەمبۆدیا. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل