تەندروستی جیهانی: وڵاتان لە کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا سەرکەوتوو بوون

:: AM:10:02:03/03/2020 ‌
بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندورستی جیهانی رای دەگەیەنێت، سەرباری ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەلی هاویشتووەتە وڵاتانی دنیاوە، بەڵام وەستانی ئاماری تووشبوون لە چەندان وڵات، دەیسەلمێنێت کە توانراوە ئەو پەتایە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
ئەو ترسەی بەرانبەر کۆرۆنا بڵاو کراوەتەوە زۆر لە قەبارەی ڤایرۆسەکە گەورەترە

ئەمڕۆ سێشەم سێی ئادار، تەدرۆس ئەدهانۆم، سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای لە وڵاتان کرد هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چر بکەنەوە و گوتیشی، دەکرێ پاشەکشێ بە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بکەین.

زیاتر روونی دەکاتەوە، تەندروستی جیهانی رۆژانە بە بەردەوامی چاودێری تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات و تا ئێستە دۆخی ئەو ڤایرۆسە نەگەیشتووەتە ئاستێک کە ببێتە هەڕەشەیەکی رژد بۆ گۆی زەوی.

"ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا لە چەند رۆژی رابردوو نۆ ئەوەندەی ئاماری تازە تووشبووانی ئەو ڤایرۆسەیە لە چین و ئەوەیش جێگەی نیگەرانییە، تا ئێستە بەهۆی ئەو ڤایرۆسە سێ هەزار کەس گیانیان لە دەست داوە و زۆربەیان لەناو پارێزگای هوبی وڵاتی چین بوون" تەدرۆس ئەدهانۆم وای گوت.

سکرتێری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتی دەکاتەوە، ترس لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تووشبوون بەو ڤایرۆسە مەترسیدارترە، ئەو ترسەی بەرانبەر کۆرۆنا بڵاو کراوەتەوە زۆر لە قەبارەی خودی ڤایرۆسەکە گەورەترە.

د. تەدرۆس ئەدهانۆم دەڵێ، ئەو پەتایە شەقامێکی یەک ساید نییە کە گەڕانەوەی نەبێت، بەپێی ئەنجامە ئەرێنییەکان دەردەکەوێت، وڵاتان لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ڤایرۆسە سەرکەوتوو بوون و لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێ هەوڵەکانمان خێراتر و کاریگەرتر بێت بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی، لەبەر ئەوەی هیچ رێیەکی ترمان نییە و دەبێ لە ئێستەوە دەست پێ بکەین.


وشە - هیدایه‌ت جان