یەكێتی: هەڤاڵ ئەبوبەکر لە ڕاگەیاندنی پشووی فەرمانبەران ترسا

:: AM:09:45:10/03/2020 ‌
بەرپرسێكی یەكێتی دەڵێ: ئەگەر هەڤاڵ ئەبوبەكر ڕازی بووایە، ئێمە زووتر پشووی فەرمانبەرانمان ڕادەگەیاند، بەڵام چونکە ترسا، ئامادە نەبوو بێتە ئەنجوومەنی پارێزگا.

ئەمڕۆ سێشەم 10ـی ئادار، ئازاد حەمەدەمین سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای گەیاندووە، پارێزگار یەكێك بوو لە ڕێگرەكانی ڕاگرتنی دەوامی فەرمانبەران لە سلێمانی بەهۆی كۆرۆناوە، ئەگەرنا ئێمە پێش حكوومەت ڕامان دەگەیاند.

بەمەرجێك دێم باسی ڕاگرتنی دەوام نەكەن
ڕوونی كردووەتەوە، بۆ ڕاگرتنی دەوام هەڤاڵ ئەبوبەكر دژی بوو و نەهاتە كۆبوونەوەكە و گوتی، بەمەرجێك دێم باسی ڕاگرتنی دەوام نەكەن، چونكە ترسان، ئەوەبوو ئێمەش مەرجەكەیمان قبووڵ نەكرد.

ئەو گوتانەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشكی یەكێتی، لە كاتێكدایە پێشتر هەڤاڵ ئەبوبەكر ڕای گەیاندبوو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بڕیارەكان دەدرێت و پێویستە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان جێبەجێ‌ بكەین.

ڕكابەری ئەو دوو بەرپرسەی سلێمانی لە كاتێكدایە، ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شارەكە بڵاو بووەتەوە و هاووڵاتییەك بەهۆی كۆرۆنا گیانی لە دەست داوە.



وشە - رامیار جەواد