بژارەكانی بەردەم ئەمەریكا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ میلیشیاكان

:: PM:05:42:14/03/2020 ‌
چوارشەمی رابردوو 18 مووشەك و ئەمڕۆیش 33 مووشەك ئاراستەی سەربازگەی تاجی لە باكوری بەغدا كران كە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا تیادا نیشتەجێیە، ئەوان قوربانیان لێ كەوتەوە و ئەمەریكا میلیشیاكانی سەر بە ئێرانی تۆمەتبار كرد، بەڵام ئەمەریكا چۆن دەتوانێت ئەوان بوەستێنێت؟
دەبێت ئەمەریكا سەرانی میلیشیاكان بكاتە ئامانج
لە سەرەتای ئەمساڵەوە كاتێك هێرش كرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و سەربازگەكانی كرانە ئامانج، عێراق بووەتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكانی ئێران و ئەمەریكا لە رێگەی میلیشیاكانی سەر بە تاران، ئەوەیش وای كرد ئەمەریكا قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە هێرشێكی ئاسمانیدا بكوژێت و ئەو رووداوەیش لێكەوتی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە بەرانبەر هێرشەكەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر سەربازگەی تاجی كە دوو سەربازی ئەمەریكی و یەكێكی بەریتانی كوژران، ئەمەریكا پێنج بارەگای حزبوڵای عێراقی بۆردمان كرد، هاوكات جەنراڵ كینس ماكنزی، فەرماندەی هێزەكانی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند ئەوان خۆیان بۆ دانانی سیستەمی مووشەكی پاتریۆت لە عێراق ئامادە دەكەن.

مایكل نایتس، توێژەری ناسراوی ئەمەریكی لە وتارێكی لەبارەی ئەو هێرشانەی دوایی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەیان دەڵێت، هێرشەكەی حزبوڵا بۆ سەر سەربازگەی تاجی زۆر ورد بووە و ئامانجی خۆی بە وردی پێكاوە، بۆیە ئەو لێدانانە و وەڵامدانەوەكانی ئەمەریكا بەو شێوەیە كۆتاییان نایەت.

ئەو توێژەرە دەڵێت، ئەمەریكا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخە سێ بژارەی لەپێشە، یەكەمیان پاشەكشەكردن لە عێراق و ئەوەیە كە حزبوڵا و سوپای پاسدارانی ئێران دەیانەوێت، بەڵام ئەگەر ئەوە بكرێت ئەمەریكا ناچار دەبێت جارێكی تر بێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی عێراقێكی كۆنترۆڵكراو لەلایەن ئێرانەوە.

"بژارەی دووەم بریتییە لەوەی ئەمەریكا بەهەمان شێوازی میلیشیاكان یاریان لەگەڵدا بكات و ئەندامانیان بكاتە ئامانج، ئەوەیان لەسەر ئاستی نزیك ژمارە و هێزیان و دەسەڵاتی ئێران كەم دەكاتەوە، بەڵام هەستی دەژمنداریەتی جەماوەری بۆ ئەمەریكا زیاد دەكات، سێیەم بژارە بریتییە لەوەی ئەمەریكا رۆڵی قوربانی و یاریكەری بەرپرسیار لەو ململانێیە ببینێت و تەنیا وەڵامی هێرشە خێراكان بداتەوە و تا پێی بكرێت لە دەرەوەی عێراق بێت"، نایتس وای گوت.

نووسەر وای دەبینێت كە باشترە رێگەیەك لەنێوان هەردوو بژارەی دووەم و سێیەم بگرێتە بەر، واتە هێرشی كتوپڕ و بەپەلە لە دژی سەرانی ئەو میلیشیایانە بۆ ئەوەی ئەوانیتر بەرژدی بیر لە خۆیان بكەنەوە، هێرشەكەیش كتوپڕ و هەر لەگەڵ دەركەوتنیان بێت، چونكە ئەوان دوای هەر هێرشێك خۆیان ون دەكەن، جیا لەوە بەهێواشی كار بۆ رەوانەكردنی سیستەمی مووشەكی پاتریۆت بۆ عێراق بكات بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكانی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل