"ئەوانەی ڤایرۆسی خیانەت و وڵاتفرۆشی لە خوێنیاندا دەگەڕێت هانی خەڵك دەدەن بێنە دەرەوە"

:: PM:08:12:30/03/2020 ‌
دژەتیرۆری كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاندووە، هەموو شتێك موزایەدەی سیاسی لەسەر بكرێت، نابێ موزایەدە بە ژیانی مرۆڤ بكرێت و خەڵك هان بدرێ‌ بێنە دەرەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 30ی ئادار، دژەتیرۆری كوردستان لە پەیامێكدا رای گەیاندووە، رۆژانە لە میدیاكان سەركردەی وڵاتە زلهێزەكانی دنیا و زانایان و پسۆڕان لەبواری پزیشكیی دەبینین كە باس لە مەترسییەكانی ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە دەكەن و دووپات دەكەنەوە كە هاووڵاتییان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و كەسوكار و كۆمەڵگەكانیان دەبێ لە ماڵەكانیان بمێننەوە، بەڵام هەندێك كەس لە هەرێمی كوردستان بۆ موزایەدەی سیاسی هەموو هەوڵێكی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆئەوەی لە مەترسییەكانی ئەم پەتایە كەم بكەنەوە و خەڵك هان دەدەن پابەندی رێنوێنییەكانی حكوومەت نەبن.

هەموو شتێك موزایەدەی سیاسی لەسەر بكڕێت، نابێ موزایەدە بە ژیانی مرۆڤ بكرێت
"ئەوانەی كە ڤایرۆسی خیانەت و وڵاتفرۆشی لە خوێنیاندا دەگەڕێت و هەوڵی بڕینی مووچە و بژیوی خەڵكی كوردستانیان دا، ئێستە بەهەمان شێوە هانی خەڵك دەدەن بێنە سەر شەقامەكان و پابەندی رێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پێوەندیدارەكان نەبن" دژەتیرۆری كوردستان وایان نووسیوە.

ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە هەموو شتێك موزایەدەی سیاسی لەسەر بكڕێت، نابێ موزایەدە بە ژیانی مرۆڤ بكرێت، بەڵام ئەوان بۆ مەرامی گڵاوی خۆیان چاوەڕێ دەكەن خەڵك لەسەر شەقامەكان و لە كووچە و كۆڵانەكان بمرێت و باری تەندروستی لەدەست دەربچێت. ئەوان چاویان بەوە هەڵنایە كە هەرێمی كورستان لەڕووی گرتنەبەری رێوشوێنە تەندروستییەكان بۆتە سیمبوڵێك كە خەڵكی تر چاوی لێدەكەن.

پەیامەكەی دژەتیرۆری كوردستان لە كاتێكدایە كە هێشتا بریاری درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ نەدراوە و وەزارەتی تەندروستی بەپێویستی دەزانێ‌ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاماری كۆرۆنا لە كوردستان قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بكرێتەوە كە ئێستە 150 حاڵەت تۆمار كراوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم