كەركووك.. پێنج كەسی تر تووشی كۆرۆنا بوون

:: AM:10:29:02/04/2020 ‌
پێنج كەسی لە كەركووك تووشی كۆرۆنا بوون، ئەمەش لە كاتێكدایە تا دێت مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسان، فەرمانگەی تەندروستی كەركووك تووشبوونی پێنج كەسی تری بە ڤایرۆسی كۆرۆنا /كۆڤید 19/ راگەیاند.

لە سەرانسەری عێراق تا دوێنێ چوارشەم، 692 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، لەم ژمارەیە 180 چاك بوونەتەوە و 52 كەسیش گیانی لە دەست داوە

بەپێی راگەیەنراوەكەی فەرمانگەی تەندروستی كەركووك بێت، ئەو پێنج تووشبووەی ئەمڕۆ پێنجشەم راگەیەنرا، هەر هەموویان بەركەوتەی
تووشبووەكەی پێشتری گەڕەكی شۆریجەی ئەو شارەن.

هاوكات بەپێی نووسراوی فەرمی بەشی تاقیگەی ناوەندی تەندروستی بێت كە دوێنێ چوارشەم یەكی نیسان دەرچووە و وێنەیەكی بۆ فەرمانگەی تەندروستی كەركووك هاتووەتە ناردن، لە كۆی پشكنین بۆ 16 كەس، ئەنجامی پشكنینی شەش كەسیان پۆزەتیڤ دەرچووە و تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنان.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق بێت، تا دوێنێ چوارشەم، تەنیا 12 تووشبوو لە كەركووك هەبوون و شەش لەوان چاك بوونەتەوە و یەكێكیش گیانی لە دەست داوە، بە ژمارەكانی ئەمڕۆ پێنجشەمیش بێت، ئەوا ژمارەی تووشبووان لەو شارە بۆ 17 كەس بەرز بووەتەوە.

لە سەرانسەری عێراق تا دوێنێ چوارشەم، 692 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، لەم ژمارەیە 180 چاك بوونەتەوە و 52 كەسیش گیانی لە دەست داوە.





وشە - فه‌رمان سادق