فڕۆکەخانەی هەولێر دەنگۆی تووشبوونی کارمەندەکانی بە کۆرۆنا ڕەت دەکاتەوە

:: PM:02:21:04/04/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆكەخانەی هەولێر، ڕەتی دەكاتەوە هیچ كارمەندێكی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووبێت.

ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاشكرا كراوە، دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تووشبوونی كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو هەواڵە ڕەت دەكەینەوە.

بە توندترین شێوە سەركۆنەی بڵاوكردنەوەی ئەم دەنگۆیانە دەكەین
باس لەوەش كراوە، وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر سەرلەبەری ئەم هەواڵانە ڕەت دەكەینەوە و هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە تا ئێستە بە هیچ شێوەیەك حاڵەتی تووشبووی ئەم ڤایرۆسە لە ناو كارمەندانی فڕۆكەخانە بوونی نییە، بە توندترین شێوە سەركۆنەی بڵاوكردنەوەی ئەم دەنگۆیانە دەكەین.

"داوا لەلایەنی پێوەندیداریش دەكەین ڕێكاری یاسایی بەرانبەریان بگیرێتەبەر بۆ ڕاستی هەر بابەتێك، تەنیا پشت بە ڕاگەیانراوی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی  هەرێمی كوردستان دەبەستین”. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.

ئەو ڕوونكردنەوەیە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ لە چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندن وا بڵاو كرایەوە كە تەواوی كارمەندانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كەرەنتین كراون.



وشە - رامیار جەواد