دوا هەڵوێستی كورد سەبارەت بە عەدنان زورفی

:: PM:06:17:04/04/2020 ‌

ئەمڕۆ شەموو پڕۆگرامی حكوومەتی عەدنان زورفی، راسپێرادراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، گەیشتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارێكی كورد دوا هەڵوێستی كورد و هەنگاوەكانی دوای ئەوە روون دەكاتەوە، دووپاتی كردەوە كە تێپەڕبوونی كابینەكەی پێوەستە بە رێككەوتنی ناوماڵی شیعەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە حەلبووسی پڕۆگرامی حكوومەتی عەدەنان زورفی، راسپێراوی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقی بەدەست گەیشتووە، بڕیاریشە لە ماوەی داهاتوو و بەر لە كۆتاهاتنی وادەی دەستووری، ناوی ئەندامانی كابینەكەی پێشكەیش بكات.
تا ئێستە زورفی بە فەرمی لەگەڵ كورد دانەنیشتووە
شێروان میرزا، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، كارنامەی حكوومەتی عەدنان زورفی راسپێردراو رەوانەی پەرلەمان كراوە، كە لە 16 تەوەرە پێكهاتووە، پڕۆگرامێكی داڕشتن نییە و چڕە و چەندان خاڵی باشی تیادایە، هەروەها راشی گەیاندووە لە ماوەی داهاتوودا ناوی كابینەكەی پێشكەیشی پەرلەمان بكات، 48 سەعات پێش دیاریكردنی دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتەكەی و لە وادەی دەستووری ئەو كارە دەكات.

زیاتر گوتی، سەبارەت بە هەنگاوەكانی داهاتووی زورفی، رەنگە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان كۆ ببێتەوە بۆ دڵنیابوون لە پاڵپشتیكردنیان بۆ كابینەی حكوومەتەكەی، دووپاتی كردەوە كە سەبارەت بە گفتوگۆكانی لەگەڵ كورد، تا ئێستە هیچ بەرچاوڕوونییەك نییە و بە فەرمی لەگەڵ كورد دانەنیشتووە، تەنیا ئەوە نەبێت لە بەغدا دووجار سەردانی فوئاد حوسێنی كردووە.

میرزا ئاماژەی كرد، هەروەها زورفی لەگەڵ سوننەیش بە فەرمی دانەنیشتووە، تەنیا چەند جارێك سەردانی محەمەد حەلبووسی كردووە، پێم وایە لە دوو هەفتەی رابردوو خەریكی ناو ماڵی شیعە بووە، بەڵام تا ئێستە نەیتوانیوە رێكی بخات و ناڕەزایی بۆ حكوومەتەكەی هەیە، بۆیە چاوەڕوانی هەنگاوی داهاتووی دەكەین سەبارەت بە كورد و سوننە، تەنانەت سەبارەت بە شیعەیشەوە، كە ئاخۆ لەگەڵ ئەوان دەگات بە رێككەوتن یان نا.

سەبارەت بە هەڵوێستی كورد بەرانبەر بە كابینەی حكوومەتەكەی زورفی، ئاخۆ كورد لە پەرلەمان پاڵپشتی لێ دەكات یان نا، ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، دووپاتی دەكەمەوە كە تا ئێستە دانیشتنی فەرمی لە نێوان كورد و زورفی نییە، هەروەها داوا لە كوردیش نەكراوە بۆچوونی خۆی ئاشكرا بكات لەوبارەوە، دواتر كاتەكە ماویەتی و چاوەڕوانی رۆژانی داهاتوو دەكەین ئاخۆ هیچ بابەتێك لەگەڵ كورد باس دەكات، ئاخۆ سەردانی هەولێر و سلێمانی دەكات یان لە بەغدا دیدار رێك دەخات، بۆیە هەڵوێستی كورد روون نییە.

میرزا دووپاتی كردەوە كە كورد لەگەڵ هیچ لەو سەرۆك وەزیرانە كێشەی نەبووە، بەو مەرجەی ئەو رێككەوتن و لێكگەیشتنەی پێشتر لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە جێبەجێیان بكات، لەبارەی ئەگەری تێپەڕاندنی حكوومەتەكەی، ئەگەر زورفی نەتوانرێت پشتیوانی زۆرینەی شیعە دەستەبەر بكات، زەحمەتە بتوانێت كابینەكەی تێپەڕ بكات، كە تا ئێستە دروست نەبووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل