له سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن، قارچكێكی زۆر له‌شاخه به‌رز و كوێستانه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام له‌مساڵدا به‌هۆی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆوه، ته‌نیا گوندنشینان به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن و كۆی ده‌كه‌نه‌وه و نرخه‌كه‌شی نزیكه‌ی چوار هه‌زار دیناره.
پێش كۆرۆنا، زۆربه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه له‌كاته‌كانی زووی به‌ره‌به‌یانه‌وه تا نزیكی ئێواران، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی قارچك ده‌چوونه شاخه به‌رزه‌كان
عه‌بدولڕه‌حمان كه‌ریم گوندنشینی سنووری پێنجوێن، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئێسته كه وه‌رزی به‌هار ده‌ستی پێ كردووه، بارانێكی زۆر به‌خوڕ له‌سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن باریوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌وره تریشقه‌ی له‌گه‌ڵدایه، یه‌كه‌مین قارچكی ئه‌مساڵ، له‌به‌رزاییه‌كانی سنووره‌كه‌ماندا، ده‌ركه‌وتووه.
زیاتر گوتی، ساڵانی رابردوو، پێش كۆرۆنا، زۆربه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه له‌كاته‌كانی زووی به‌ره‌به‌یانه‌وه تا نزیكی ئێواران، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی قارچك ده‌چوونه شاخه به‌رزه‌كان و چه‌ندان كیلۆمه‌تریان ده‌ربڕی، به‌ره‌و چیای كوێستانه‌كان، به‌ڵام ئێسته، به‌هۆی گرتنه به‌ری رێكاره‌كانی خۆپارێزی و ته‌ندروستی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه، پێنجوێنییه‌كان پێوه‌ی پابه‌ندن و زۆر ناچن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی قارچك.
شارۆكه‌ی پێنجوێن، نزیكه‌ی 1300 مه‌تر له‌ئاستی رووی ده‌ریاوه به‌رزه، ساڵانه له‌وه‌رزی پایزدا، به‌هۆی باران بارینی به‌رده‌وامی رۆژ و هه‌وره تریشقه‌ی شه‌وان، رێ خۆشكه‌ر ده‌بێت تا قارچكی سروشتی سه‌ر ده‌ربێنێت.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی