ژنێكی عێراقی: تا لەگەڵ بەرپرسان نەخەویت ناگەیت بە پارە

:: PM:05:37:03/04/2024 ‌

دیاردەی ناچاركردنی بێوەژن و ژنانی كەمدەرامەت لە ڕێگەی سێكسەوە بۆ ئەوەی كەمترین مافەكانیان بدەنێ تا منداڵ و خێزانەكانیان بەخێو بكەن، لە عێراقدا تەواو پەرەی سەندووە و زۆرێك لە بەرپرسان تێوە گلاون، ئەمەش وای كردووە ڕاپۆرتی گەورەی نێودەوڵەتی و ڕاپۆرتی میدیایی زۆری لەسەر بكرێت. نزیكترینیان ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكانە كە ژنانی عێراقی لە ڕووی مافەكانیانەوە لە لیستی خراپتری وڵاتەكان داناوە.

لە ڤیدیۆیەكدا كە ژنێكی بەتەمەن دەردەكەوێت، لێدوان بۆ كەناڵێكی میدیایی عێراقی دەدات و بە تووڕەییەوە دەڵێم، مێردەكەم بیست ساڵە شەهید بووە، بەڵام هیچ مافێكم نەدراوەتێ. ئەگەر هاوسەرگیریی موتعەیان لەگەڵ نەكەین، پارەی پێویستمان نادەنێ، تەنانەت بچیت لای دادوەر شكات بكەیت، دەبینی ئەویش لەگەڵیاندا بەشدارە.

پەیامنێرەكە پێی دەڵێت، تۆ بەرپرسیت لە قسانەی دەیكەیت؟ ژنەكە وەڵامی دەداتەوە: بەڵێ بەرپرسم لە گوتەكانم و بە ڕاشكاوی پێتان بڵێم، ئێمە خەڵكی وڵاتی گەوادخانەین. گەواد سەری ئەم وڵاتەن. ئێمە وێران بووین، چەندین نەخۆشیی كوشندەم هەیە، تەنیا لەبەر ئەوەی خۆم بۆ شل نەكردوون، كەس نایەت بەلامدا، كاتێكیش دەچمە لای بەرپرسێكی تر بۆ ئەوەی شەكوای حاڵی خۆمی لا بكەم، دەبینم لەوەی تر پیسترە، هەموویان چاویان لەسەر ئەو شتەیە كە دەیانەوێت بیاندەمێ.

لەو ڤیدیۆیەدا كە بە فرەوانی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو بووەتەوە، هەزاران كۆمێنتی جۆراوجۆری بۆ هاتووە و هەموویان ئەو گوتانە پشتڕاست دەكەنەوە، تەنانەت هەندێكیان نموونەی تر دەهێنێتەوە. كچێك لە كۆمێنتێكدا نووسیویەتی، لە زانكۆ لەگەڵ هاوڕێیەكم پێكەوە بۆ ئیش دەگەڕاین. ئەو ئێستە ڕەنج رۆڤەری پێیە و من هێشتا بۆ ئیش دەگەڕێم.




وشە - عەبدوڵا عومەر