سیڤی وەزیرەكانی عەدنان زورفی دەچێتە بەردەم پەرلەمانتاران

:: PM:01:19:05/04/2020 ‌
دوێنی عەدنان زورفی كارنامە وزارییەكەی ناردە پەرلەمانی عێراق. ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، بڕیارە عەدنان زورفی سڤی وەزیرەكانی بنێرێت بۆ پەرلەمانتاران.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، ئارەزوو مەحموود ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە"وشە" راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ سیڤی وەزیرەكانی عەدنان زورفی بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دیار بێت كە كەسایەتییەكان كێن.

بڕیارە ئەمڕۆ سیفی وەزیرەكانی عەدنان زورفی بگاتە پەرلەمان 
روونی كردەوە، زورفی لە كارنامە وزارییەكەی باسی كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانی نەكردووە كە ئەمەیش بەلای كوردەوە سەرنجە، تەنیا ئەوە نەبێت بەشێوەیەكی گشتی باسی لە پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراقی كردبوو.

لەبارەی كۆدەنگی شیعە ئارەزوو مەحموود گوتی، شیعە بوونەتە دوو بەش و لەسەر زورفی رێكنەكەوتوون، دیاریش نییە كە عەدنان زورفی لەلایەن ئەمەریكا پاڵپشتی دەكرێ، ئێران ڕێ دەدات سەربكەوێت یان نا.

عەدنان زورفی لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو لەلایەنە سەرۆك كۆماری عێراق هاتە ڕاسپاردن بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام شیعەكان ناتوانن كۆدەنگی لەسەر دروست بكەن، بەتایبەت هاوپەیمانی فەتح  و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دژی زورفین.



وشە - زریان تەها