دوای سەردانی زورفی لایەنە كوردستانییەكان هەڵوێستییان رادەگەیەنین

:: PM:03:52:05/04/2020 ‌
عەدنان زورفی كارنامەی حكوومەتەكەی بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە، لە سێ خاڵدا پێوەند بە هەرێمی كوردستان هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە. ئەڵماس فازڵ پەرلەمانتاری كورد دەڵێ، دوای كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانییەكان سەرنج و تێبینییەكانمان لەسەر بەرنامە حكوومییەكە رادەگەیەنین. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێ، زورفی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئەگەرچی تا ئێستە ناوماڵی شیعە بە تەواوەتی پشتگیری لە عەدنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنان حكوومەتی نوێ ناكەن، بەڵام بەگوێرەی لێدوانی پەرلەمانتارانی لایەنە شیعەكان بێت، تەنیا هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی بە فەرمی دژی زورفین.

عەدنان زورفی سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی نەسر لە پەرلەمانی عێراق لە 16ـی مانگی رابردوو لە جێی محەمەد تۆفیق عەلاوی، لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە فەرمی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت لە جێی كابینەی حكوومەتی كاربەڕێكەر، دەستنیشان كرا.

 دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ـی راگەیاند، هێشتا سیڤی وەزیرەكانی حكوومەتەكەی عەدنان زورفی نەگەیشتووەتە پەرلەمان، ئەوەی تا ئێستە گەیشتووە تەنیا بەرنامەی حكوومەتەكەیەتی كە پەرلەمانی عێراق لە رێی ئیمەیڵەوە بەسەر ئەندامانی پەرلەمانی دابەش كردووە.

دكتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوە دا كە دوای گەیشتنی سیڤی وەزیرەكان، سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدات بۆ چۆنیەتی دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتەكەی زورفی. گوتی "لەو دانیشتنە بڕیار دەدرێت كۆبوونەوەی پەرلەمان ئاسایی بێت یانیش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، رێكارێكی تر بگیرێتەبەر و لە رێی تەكنەلۆجیا، كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت".

هەرێمی كوردستان كێشەی لەگەڵ ناو و هیچ كەسێك نییە، گرنگ ئەوەیە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك وەزیران بە داخوازییەكانی كورد رازی بێت


ئەگەرچی چاوەڕوان دەكرا هەفتەی رابردوو عەدنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێ، كەسە نزیكەكانی زورفی دەڵێن رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو سەردانەكە بكات.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە كارنامەی حكوومەتەكەی زورفی كرد، باسی لەوە كرد كە كارنامەكەی و قسەكانی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان ئەرێنین. گوتی "هەرێمی كوردستان كێشەی لەگەڵ ناو و هیچ كەسێك نییە، گرنگ ئەوەیە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك وەزیران بە داخوازییەكانی كورد رازی بێت و پشتگیری كۆدەنگی شیعەیشی هەبێت".

قسەكانی دكتۆر بەشیر حەداد لە كاتێكدایە دوێنێ شەموو عەدنان زورفی كارنامەی حكوومەتەكەی بڵاو كردەوە. بەگوێرەی كارنامەكە بێت، لە خاڵی دووەمدا باس لە پەسندكردنی بودجەی 2020 دەكات وەك خۆی، كە ئەمە یەكێك بووە لە داخوازییەكانی لایەنە كوردستانییەكان لەگەڵ حكوومەتەكەی عادل عەبدومەلهدی، هاوكات لە خاڵی شەشەمدا باس لە هێزی پێشمەرگە كراوە كە هاوشانی حەشدی شەعبی تواناكانی بەرز دەكرێنەوە.

لە خاڵی 12ی كارنامەكەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، پێوەندی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستانە. لەم خاڵەدا كە بە 23 وشە باس لەو پێوەندییە كراوە، دووپات لە تێگەیشتنی هاوبەش بە لەبەرچاوگرتنی جێبەجێكردنی دەستوور و رێزگرتن لە هاوبەشی و قووڵكردنەوەی یەكێتیی نیشتمانی كراوە، لەسەر بنەمای دنیابینییەكی ئەرێنی بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێراوەكان.

لە كارنامەكەیدا پێوەند بە لایەنە سوننەكانیش، زورفی دووپات لە كۆتاهاتن بە دۆسیەی ئاوارەكان دەكاتەوە، ئاماژە بە ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیری پارێزگاكان و كردنەوە دەرەوەی هێزی سەربازی لەناو سەنتەری شارەكان دەكات.

دوای كۆبوونەوەكە سەرنج و تێبینی لایەنە كوردستانییەكان لەسەر كارنامەكە و حكوومەتەكەی زورفی رادەگەیەنین


تا ئێستە لایەنە سوننەكان ئەوانیش بە فەرمی بۆچوونی خۆیان لەسەر پشتگیری لە حكوومەتەكەی زورفی رانەگەیاندووە، چاوەڕوان دەكرێت لە 12 رۆژی داهاتوودا، بۆچوونی لایەنی كوردستانی و سوننەكان لەسەر پشتگیری لە حكوومەتەكەی زورفی ئاشكرا بكرێت.

هاوكات لای خۆیەوە ئەڵماس فازڵ پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ماوەی نزیكی داهاتوودا لایەنە كوردستانییەكان كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەن بۆ یەكخستنی هەڵوێست و پێشاندانی هەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان بەرانبەر بە حكوومەتەكەی زورفی. گوتی "دوای كۆبوونەوەكە سەرنج و تێبینی لایەنە كوردستانییەكان لەسەر كارنامەكە و حكوومەتەكەی زورفی رادەگەیەنین".

عەدنان زورفی لە 16ـی ئاداری رابردوو لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە فەرمی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كاندید كرا، دوای شكستی محەمەد تۆفیق عەلاوی لە وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان. زورفی تا 17ـی ئەم مانگە كاتی لە بەردەم ماوە تا كابینەی حكوومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمان بكات.


وشە - فه‌رمان سادق