ته‌قه‌كه‌رانی ئامبۆڵانسه‌كه‌ی شاره‌زوور سزا ده‌درێن

:: PM:07:20:05/04/2020 ‌
دوای ئەوەی چەند گەنجێكی گوندی "بێسەڵمێن" لە سنووری شارەزوور، لەكاتی گەیشتنی تیمی تەندروستی بەهۆی ئەوەی تووشبوویه‌كی كۆرۆنایان چاك بووەتەوە، تەقەیان لە ئامبۆڵانسەكە كردبوو، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ‌" دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە".

داوامان لە پۆلیسی شارەزوور كردووە كە زانیاریمان لەسەر گوندەكە و هاووڵاتییەكان بۆ وەربگرێت
 لەكاتی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەكی تووشبووی گوندی بێسەڵمێن كە نەخۆشی كۆرۆنای پەڕاندبوو، لە لایەن چەند گەنجێكەوە تەقە لە ئەمبوڵانسەكە كرا، ئەوەیش لەگەڵ ئەوەی بە ڤیدیۆ تۆمار كراوە و بڵاو كراوەتەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، نەقیب سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە لەو گرتە ڤیدیۆیەی كە بڵاوبووەتەوە كە ژمارەیەك هاووڵاتیی تەقەیان بەسەر ئۆتۆمبێلی تەندروستی كردووە لە سنوری شارەزوور.

" داوامان لە پۆلیسی شارەزوور كردووە كە زانیاریمان لەسەر گوندەكە و هاووڵاتییەكان بۆ وەربگرێت و لە رووی یاساوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین، چونكە تەقەكردن بە هیچ شێوەیەك رێگەپێدراو نییە و ئێمە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكەین، ئەگەر تەندروستیش سكاڵایان لەسەر ئەو كەسانە نەبێت، ئێمە خۆمان بەدواداچونی بۆ دەكەین و سزایان دەدەین" نەقیب سەركەوت وای گوت.

سەرچاوەیەك لە داواكاری گشتیی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە هیچ سكاڵایەك لەوبارەیەوە تۆمار نەكراوە، بەڵام قسە هەیە كە نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ لە سنوورەكە سكاڵا تۆمار بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەوانەی ئەو تەقەیان كردووە دوو مادە دەیانگرێتەوە، مادەی 21 كە لە یاسای چەك باس لە تەقەكردن دەكات بە ئاسماندا یان تەقەی خۆشی و هەڵگرتنی چەك بەبێ مۆڵەت ئەوەش سزاكەی پێنج ساڵ زیندانی كردنە، ئەگەر مۆڵەتی وەرگرتنی چەكی هەبێت، مادەی 495 بۆ ئەوانەی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەكیان هەیە، بە مانگێك بەندكردن و 45 هەزار دینار غەرامەكردنی.

كلیك لێرە بكەن و هەواڵێكی تر و ڤیدیۆی تەقەی ئەو گەنجانە ببینن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم