پۆمپیۆ: نابێت هیچ لایەنێك كاندید بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق بسەپێنێت

:: PM:06:34:07/04/2020 ‌

مشتومڕی نێوان هێزە شیعەكان بەردەوامە بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، مانگی رابردوو عەدنان زورفی پۆستەكە هاتە راسپاردن، بەڵام هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران پێی رازی نین، بۆیە ئەوان داوای دەستكێشانەوەی زورفی و راسپاردنی كەسێكی تر دەكەن، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆچوونی وڵاتەكەی لەوبارەوە خستە روو.  
ئەمەریكا گومانی لە هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران هەیە
ئەمڕۆ سێشەم، پۆمپیۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە واشنتن گوتی، ئێمە پاڵپشتی لە هەر سەرۆك وەزیرانێك دەكەین عێراق بەرەو گەشەسەندن ببات، ئێمە عێراقێكی سەقامگیرمان دەوێت، هاوكات ترسمان لەوە هەیە لایەنێكی نزیك لە ئێران، چەند ناوێكی دیاریكراو بسەپێنن بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.

زیاتر گوتی، چاودێری دۆخی عێراق دەكەین و هیوادارین هەموو شتێك بە ئاسانی و ئاسایی و بێ گوشار بەڕێوە بچێت، دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا پێشنیازی گفتوگۆی لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی داهاتوو كردووە و تیایدا تاوتوێی هەموو پرسە ستراتیجییەكان دەكەین لەوانەیش، داهاتووی بوونی سەربازی ئەمەریكا و هەوڵ دەدەین كە پێوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق باش بێت، بۆیە پێشبینی گفتوگۆیەكی دووقۆڵی ستراتیجیمان كردووە. 

شایەنی باسە یەكشەمی رابردوو محەمەد عەلی حەكیم، وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی كردەوە كە وەزارەتی دەرەوە، نووسراوێكی لەبارەی گفتوگۆكانی بەغدا و واشنتن پێ گەیشتووە كە لە دیداری عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و باڵوێزی ئەمەریكا لە بەغدا باس كراوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل