حكوومەتی هەرێم چەند مادەیەكی خۆراكی بەسەر كەمدەرامەتان دابەش دەكات

:: PM:08:11:07/04/2020 ‌

 بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە حكوومەت دەستی بە كڕینی چەند مادەیەكی خۆراكی كردووە وەك ئارد و زەیت و خەریكی كڕینی مادەی تریشە، هەركاتێك هەموو مادەكان تەواو بوون، لە رێگەی بریكارەكانی خۆراك بەسەر كەمدەرامەتەكانی دابەش دەكات.
حكوومەتی هەرێم درێغی ناكات لە هاوكاریكردنی هاووڵاتییان
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  بۆ "وشە" گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆردێكی پێكهێناوە و خەریكی كڕینی مادەكانی خۆراكە، تا ئێستە زەیت و ئاردیان كڕیوە و مادەی تریش دەكڕن، بۆیە هەركاتێك هەموو مادەكان كڕدران، دەست بە دابەشكردنی دەكرێت، چونكە لەم دۆخە خەڵكی هەژار هەیە و پێویستیان بەوە هەیە خۆراكیان بەسەردا دابەش بكرێت.

لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنی ئەو مادانەیش، ئەدهەم زیاتر گوتی، لە رێگەی بریكارەكانەوە ناوی هەژاران وەردەگرن و دواتر خۆراكیان بەسەر دابەش دەكەن، چونكە ئەوان زانیاری باشیان هەیە لەسەر هەموو خەڵكی و ئەمە باشترین میكانیزمە.

ئەدهەم باسی لەوەیش كرد، حكوومەتی هەرێی كوردستان ئەوەی لە دەستی بێت، درێغی ناكات بۆ هاوكاریكردنی هاووڵاتییان، بۆیە ئەو بۆردەی دروست كردووە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە بكەن و خۆراك بكرن و بەسەر هاووڵاتییانی دابەش بكەن.

"جگە لەوە لە چەند رۆژی ڕابردوو، جارێكی تر خۆراكی مانگانە بەسەر هاووڵاتییان دابەش كرا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە خەڵك سوودی لێ وەرگرن و تا ماوەیەكی باش دەتوانن بەكاری بێنن" بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێم وای گوت.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل