لە كۆی حاڵەتەكانی تووشبوون نیویۆرك پێش ئیتاڵیا كەوتەوە

:: PM:08:54:07/04/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا زۆر خێرا دەبێت و لەباری زۆری حاڵەتەكانی تووشبوون بەو ڤایرۆسەوە، ویلایەتی نیویۆرك پێش ئیتاڵیا دەكەوێتەوە، بەوەیش ئەو ویلایەتە لە پلەی دووەم دوای ئیسپانیا دێت.  
ئەمەریكا بەرەو كارەساتێكی مرۆیی نادیار هەنگاو دەنێت
وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە، ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ویلایەتی نیویۆركی ئەمەریكی گەیشتە 138836 حاڵەت، لەوكاتەی ژمارەی حاڵەتی تووشبوون لە ئیتاڵیا 135586 حاڵەتە، ئیسپانیا كە زیاترین حاڵەتی لە ئەوروپا و دووەم لە جیهان هەیە لە دوای ئەمەریكا بە 140510 حاڵەت و ئەمەریكایش 380 هەزار حاڵەتی تووشبوونی هەیە، ئەم هەفتەیەش ئەمەریكا پێشبینی گەیشتنی حاڵەتەكان بە زیاترین دەكات.

ئەندرۆ كۆمۆ، سەرۆكی شارەوانی نیویۆرك مردنی 731 كەسی راگەیاند، بەوەیش ژمارەی حاڵەتی مردن لە نیویۆرك گەیشتووەتە 5489 حاڵەت، لەوكاتەی بەرپرسانی ئەمەریكا دوێنێ رایانگەیاند كە ئەم دوو هەفتەیە دەبێتە بەهێزترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

لەوكاتەی كۆی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا گەیشتووەتە 368 هەزار، كە بەرزترین ئاستە لە سەرانسەری دنیا و ژمارەی حاڵەتەكانی مردنیش بۆ نزیك 11 هەزار، چاوەڕوان دەكرێت دوو هەفتەی داهاتوو زیاترین ژمارەی قوربانی تۆمار بكرێت، پێشبینی دەكرێت ژمارەی حاڵەتی مردن بگاتە 100-200 هەزار حاڵەت و تێكڕای مردنی رۆژانە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بگاتە 3130ی حاڵەتی رۆژانە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل