ئۆپۆزسیۆن زەنگی مەترسی لێ دا.. توركیا پێشەنگی دنیا لە تووشبوون بە كۆرۆنا دەگرێت؟

:: PM:04:52:08/04/2020 ‌
لە 11 رۆژدا 25 هەزار كەس لە توركیا ڤایرۆسی كۆرۆنایان گرتووە، ئۆپۆزسیۆن هۆشداری دەدات ژمارەكە بۆ دوو ملیۆن كەس بەرز بێتەوە و داوای قەدەغەی هاتوچۆی تەواو دەكات. سەرۆكی توركیا دەڵێ، بەهیچ شێوەیەك ناتوانین بەرهەمهێنان بوەستێنین.

ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە توركیا گەیشتە 34 هەزار و 209 كەس كە نیوەیان لە شاری ئیستانبوڵن، لەم ژمارەیە تا ئێستە 725 كەس گیانیان لە دەست داوە، ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەش زەنگی مەترسی لێ دا.

توركیا لە 11ـی ئاداری رابردوو بە فەرمی تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای راگەیاند، لە 28ـی مانگی رابردوو ژمارەكە بۆ حەوت هەزار و 400 كەس بەرز بووەوە، لە یەكی نیسان ژمارەكە گەیشتە 15 هەزار، ئەمڕۆش كە تەنیا هەشت رۆژ لەم مانگە تێپەڕیوە، ژمارەكە بۆ سەرووی 30 هەزار بەرز بووەتەوە. بەو پێیەش بێت، لە ماوەی 11 رۆژی رابردوودا نزیكەی 25 هەزار تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە توركیا تۆمار كراون و ئێستە لە ریزبەندی نۆیەمی دنیادایە لە ژمارەی تووشبووان. ئەمەش هۆكاری ترسی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیایە كە هۆشداری بەرزبوونەوەی ژمارەكە بۆ سەرووی ملیۆنێك كەس دەكەن.

گوشاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، بە مەبەستی قەدەغەی هاتوچۆی تەواو و وەستانی چالاكییە ئابوورییەكان لە توركیا، تا دێت زیاتر دەبێت، بەڵام تا ئێستە سەرۆكی توركیا ئامادە نییە بچێتە ژێرباری ئەو گوشار و رەخنانە، هەموو هەوڵێك دەدات بۆ پاراستنی سێكتەری ئابووریی وڵاتەكەی.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ژمارەیەك رێكاری گرتووەتەبەر، لەوانە قەدەغەكردنی گردبوونەوەكان و رێگرتن لە گەشتكردنی نێوان شارەكان و ناچاركردنی خەڵك بە بەستنی دەمامك.

دوێنێ سێشەم، پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی لەسەر پڕۆژەیاسایەكی حكوومەت كرد بۆ ئازادكردنی یەك لەسەر سێی بەندكراوان لە گرتووخانەكان، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە گرتووخانەكان.
 
فەخرەدین قۆجە وەزیری تەندروستی توركیا دەڵێ، تێكڕای ئامێری هەناسەدانی دەستكرد لە توركیا، بەڕێژەی 60% كار دەكەن. لای خۆیەوە پزیشكێكی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەیەكی ئیستانبوڵ دەڵێ، پێویستە هەمووان لە ماڵەكانیان بمێننەوە، دەبێت مانەوە لە ماڵ بكرێتە بڕیار.

لە 11 رۆژدا 25 هەزار کەس لە تورکیا تووشووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە


هاوكات سینان ئیدیامان سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی توركیا رای گەیاند، ئەستەمە بتوانرێت كۆنتڕۆڵی ئەو پەتایە بكرێت كاتێك ژمارەی تووشبووانی گەیشتووەتە هەزاران و خەڵكیش هێشتا دەچنە سەر كارەكانیان.

پێوەند بەو پرسە، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو ئۆپۆزسیۆن و سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ، داوای قەدەغەكردنی تەواوی هاتوچۆ لە ئیستانبوڵ دەكات. ئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر تەنانەت 15%ـی خەڵكیش لە ماڵەكانیان بێنە دەرەوە، ئەوا لە ماوەی نزیكی داهاتوودا ژمارەی تووشبووان لە توركیا دەگاتە دوو ملیۆن كەس، بەمەش قەبارەی مەترسییەكە زۆر گەورەتر دەبێت.
 
هۆشداریی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ رزگاركردنی وڵات و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رای گەیاند، توركیا ناچارە بەردەوامی بە بەرهەمهێنان و چالاكی ئابووری بدات، دۆخەكە بگاتە هەر ئاستێك، نابێ چالاكی ئابووری بوەستێت.

بڕیارەكەی ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، هەوڵێكە بۆ رزگاركردنی ئابووری وڵاتەكە كە ئابوورییەكی لاوازە بەهۆی ساڵانێك لە تەنگژە و دابەزینی بەهای لیرەی توركی بەرانبەر بە دراوەكانی تر.

پزیشكێكی شارەزا لە نەخۆشخانەی ئیستانبوڵ دەڵێ، رێكارەكان زۆر باشن، ژمارەی پشكنینەكانیش زۆر زیادیان كردووە و تا ئێستە زیاتر لە 200 هەزار كەس پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنایان بۆ كراوە.

ئەو پزیشكە كە قسەی بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" كردووە بەو مەرجەی ناوەكەی ئاشكرا نەكرێت، دەڵێ ئەگەر بەو خێراییە ژمارەی تووشبووان بەرز ببێتەوە وەك ئەوەی لە وڵاتانی تر دەیبینین، ئەوا دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆر خەڵك، هۆكاری ئەوەش لەدەستدانی كاتە لە گرتنەبەری رێكارەكان.
 
زۆر لە هاووڵاتییانی تورك ئامادەكاری دەكەن بۆ قەدەغەی هاتوچۆی تەواو لەلایەن حكوومەتەوە، بەشێك لەوانە لە ئێستەوە رێكارییان گرتووەتەبەر و گەڕاونەتە سەر خووی كۆنی خۆیان، پەردەی پەنجەرەكانیان هێناوەتە خوارەوە و لە ماڵەكانیان درێژە بە كارەكانیان دەدەن، بەشێكی تریش لەم دۆخەدا كاری گەیاندنی پێویستییەكانی هاووڵاتییان ئەنجام دەدەن.

بە گرتنەبەری رێكارەكان لە شارێكی وەك ئیستانبوڵ، ئێستە زۆرینەی چێشتخانەكان چۆڵن و كەس روویان تێناكات، تەنانەت شەقامی سەربەخۆیش كە یەكێكە لە شەقامە هەر جەنجاڵەكانی توركیا، ئێستە چۆڵ و خامۆشە.



وشە - فه‌رمان سادق