كاری هێڵی گەرمی 122 لەو ڕاپۆرتەی "وشە" بخوێننەوە

:: PM:05:27:08/04/2020 ‌

لەگەڵ ئەوەی هێڵی گەرمی 122ی فریاكەوتنی خێرا كە لە ڕابردووەوە خزمەت دەكات، بەڵام ئێستە و لە سەردەمی كۆرۆنادا ئەركێكی تریان لەسەرشانە، ئەویش بەدەمەوەچوونی ئەو كەسانەیە كە گومانی تووشبوونیان بە كۆرۆنا لێ دەكرێت، ڕۆژانە لەلایەن 60 خوێندكاری ڕاهێنراوی كۆلیژی پزیشكی وەڵامی هێڵەكان دەدرێتەوە، كە ئێستە زۆرترین پێوەندی بە هێڵەكەوە دەكرێت.

هێڵی گەرمی ژمارە 122 ژمارەی فریاكەوتنی خێرایە و ڕۆژانە 24 سەعات لە خزمەتی ھاووڵاتییاندایە و یەكەی دوو ڕێنوێنیی دەدات بە ھاووڵاتییان كە ڕێنوێنی یەكەم سەبارەت بە فریاكەوتنی ھەناوی و ڕێنوێنی دووەم پرسیار و ڕێنوێنییە سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبەخشێت.

سامان نادر بەرپرسی هێڵی گەرمی فریاكەوتنی 122ی سلێمانیی، سەبارەت بە كاركردنی هێڵەكە لە كاتی كۆرۆنادا بۆ "وشە" گوتی، ئەو ھاووڵاتییانەی پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی بێت پەیوەندی بە ژمارە 122 دەكەن و تیمەكانمان دەچن بۆ ھاوكاری كردنیان كە تێیدا ھەموو خزمەتگوزاریەكانی چارەسەر كردن لەخۆ دەگرێت جگە لە نەشتەرگەری كردن.

ئەمبوڵانسەكان ھەموو ئامێرێكی چارەسەر كردنی تێدایە كە لەلایەن بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانەییەوە دەست كراوە كراوین بۆ دابینكردنی ھەموو پێداویستیەكانی ناو ئەمبوڵانس و لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە شارۆكە و شارەدێكانەوە 110 ئەمبولانسی ھەیە و كە 33 ئەمبوڵانسین لەناوەندی سلێمانین.

هێڵی گەرمی ژمارە 122 ژمارەی فریاكەوتنی خێرایە و ڕۆژانە 24 سەعات لە خزمەتی ھاووڵاتییاندایە

سامان ئەوەیشی ئاشكرا كردووە، ئەگەر بارودۆخەكە لە شوێنی خۆی كۆنترۆڵ بكرێت ھەوڵی كۆنترۆڵ كردنی دەدەن و ئەگەر پێویستی بە نەخۆشخانە ھەبوو بە زووترین كات دەگەیەنرێتە نزیكترین بنكەی تەندروستی و لە بنكەكان چارەسەری بۆ دەكەن.

ڕۆژانە وەڵامی ژمارەیەكی زۆری پێوەنی دەدەنەوە و ڕێنوێنییان دەدەینێ لەلایەن تیمێكی تایبەتەوە كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دانراون و بەسەر ھەرێمی كوردستاندا دابەشكراون و ھاووڵاتییان ئاگادار دەكرێنەوە كە پابەندی ڕێنماییەكان بن و لە كاتی بوونی ھەر حاڵەتێك تیمەكانمان دەچن و تووشبووەكە دەگەیەنین بە سەنتەری عەلی ناجی. سامان وای گوت.

جیا لەو ھاووڵاتییانەی بۆ پێویستیە تەندروستیەكان پێوەندی دەكەن ھاووڵاتییش ھەن ھێڵەكان بە شتی جیاواز سەرقاڵ دەكەن و ھەندێك جاریش وشەی نەگونجاو بەكار دەھێنن ھەر بۆیە ئەو ھاووڵاتییانە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە و ناتوانن دووبارە پێوەندی بكەنەوە بە ھێڵەكانیانەوە و لە ڕێگەی ژووری یاسییەوە ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە و پێوەندیەكان تۆمار دەكرێن و بۆماوەی 10 ساڵ دەمێنێتەوە و لەكاتی پێویست دەتوانین گوێ لە تۆمارەكان بگرینەوە و ھەر كارمەندێكیش كەمتەرخەم بێت لەكاتی وەڵامی پێوەندیەكاندا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت و ڕۆژانە بە ھەڕەمەكی گوێ لە چەند پێوەندیەك دەگرینەوە تا بزانین كارمەندەكانمان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ پەیوەندیەكان كردووە.

ئەو بەرپرسەی هێڵی 122 گوتی، ھەندێك كەس لە دەست بەتاڵی خۆیان ھێڵەكانمان بە شتی بێماناوە سەرقاڵ دەكەن و بێ ئاگان لەوەی كارمەندەكانمان شەو و ڕۆژیان خستووەتە سەر یەك و ماندوون بۆ خزمەتی ئەوان و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە لەگەڵ ئەوەشدا ھاووڵاتی باش پێوەنی پێوە كردووین كە ڕێزی لە ماندووبوونی كارمەندەكانمان گرتووە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان