نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا لە ناوچەكانی كوردستان رادەست دەكرێن

:: PM:06:27:08/04/2020 ‌
لەگەڵ تۆماركردنی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە كوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی هاووڵاتییان كرد و رای گەیاند كە لەو قۆناغەدا پێویستە هەمووان هاوكاری دۆخەكە بكەن. ئەو پەیامەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەدەمەوەهاتنی زۆری بەدواداهات و لەچەندان ناوچەی كوردستان دەست بە دروستكردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كرا.
 
ئێستە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەڵەبجە و گەرمیان لە كۆتاییدان، لە ئیدارەی راپەڕینیش چەند بنكەیەكی هێزەكانی پۆلیس و بنكەی تەندروستی تەرخانكراون بۆ هەر ئەگەرێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە سلێمانیش چەند نەخۆشخانەیەك بۆ هەمان مەبەست تەرخان كراون.

له‌و ناوچانه‌یش كه‌ كۆرۆناى تێدا نییه‌ نه‌خۆشخانه‌ دروست ده‌كرێ
ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە "وشە"ی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە رێكارەكانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە قۆناغێكی باشدایە.

ڕوونیشی كردەوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو نەخۆشخانەیەی كە لە لایەن خێرخوازانەوە بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دروست دەكرێت 64 قەرەوێڵەیە، كارەكانی لە قۆناغی كۆتاییدایە و لە ئایندەیەكی نزیكدا "رادەستمان" دەكرێت.

لە سنووری ئیدارەی گەرمیانیش ئەگەرچی تا ئێستە هیچ توشبوویەكی كۆرۆنای تیا نییە، بەڵام نەخۆشخانەیەكی 74 قەرەوێڵەیی لە لایەن سەرمایەداران و خێرخوازانەوە لە دروستكردندایە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە نەخۆشخانەكەی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، كاركردن بۆ تەواوكردنی نەخۆشخانەكەی ئیدارەی گەرمیان كە تایبەتە بە تووشبووانی كۆرۆنا لە سنوورەكە، لە قۆناغی كۆتاییدایە.

ئاماژەی بەوەیش كرد، نەخۆشخانەكە لە لایەن سەرمایەداران و خێرخوازانەوە دروست دەكرێت و بودجەی لەلایەن ئەوانەوە بۆ تەرخانكراوە.

لای خۆیەوە د.سیروان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، كاركردن لە نەخۆشخانەكە بەردەوامە، لە ئایندەیەكی نزیكدا رادەست دەكرێت.

ئیدارەی راپەڕینیش كە ئیدارەیەكی سەربەخۆیە تا ئێستە تەنیا یەك حاڵەتی كۆرۆنای تیادا دەركەوتووە، بۆ ئەوەش چەند نەخۆشخانەیەكی حكومی تایبەت كراون بە تووشبووانی كۆرۆنا.

شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە "وشە"ی راگەیاند، ژمارەیەك نەخۆشخانەی حكومی لە رانیە و قەڵادزێ تەرخانكراون بۆ تووشبووانی كۆرۆنا.

"چەند بنكەیەكی پۆلیسیشمان چۆڵكردووە و تایبەت كراون بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، بەڵام تا ئێستە لە سنوورەكە كۆرۆنا پەرەی نەسەندووە" شۆرش وای گوت.

لە سنووری شاری سلێمانیش نەخۆشخانەیەك لە لایەن خێرخوازانەوە دروست كرا بۆ تووشبووانی كۆرۆنا لە شارەكە، لەگەڵ تایبەت كردنی چەند نەخۆشخانەیەكی تر بۆ تووشبووانی كۆرۆنا.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سەرجەمی ئەو نەخۆشخانانە دوای كۆتایی هاتنی كۆرۆنا لە كوردستان بۆ كەرتی تەندروستی سوودیان لێ‌ دەبینرێ‌.

لە هەرێمی كوردستان بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی تا ئێستە 303 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كراوە، لەو ژمارەیە 119كەس چاكبوونەتەوە و سێ كەسیش لە سلێمانی گیانیان لە دەستداوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - سه‌رخێڵ هاشم