ناوچە شوێنەوارییەكانی شارەزوور داگیر دەكرێ‌

:: PM:09:48:08/04/2020 ‌
بەشێك لە گرد و تەپۆڵكەكانی سنووری شارۆكەی شارەزوور لە لایەن هاووڵاتییان و كەسانی دەستڕۆشتوو لە ڕابردوو هەڵدراونەتەوە بۆ كەلوپەلە گرانبەهاكانی ناویان و بەشێك لە گردەكانیش كێڵراون و داگیر كراون وەك زەوی كشتوكاڵ.

بەشی زۆری ئەو گرد و تەپۆڵكە و ناوچە شوێنەواریانەی سنووری شارۆكەكە هەڵدراونەتەوە بۆ كەلوپەلەكانی ناوی، یان كێڵراون، یان داگیر كراون.
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" لە سنووری شارۆكەی شارەزوور بەهۆی ئەوەی دەوڵەمەندە بە زۆرترین گرد و تەپۆڵكە و شوێنی شوێنەوار، خاوەنی نزیكەی 500 شوێنی شوێنەوارە، بەڵام بەشی زۆری ئەو شوێنانە هەڵدراونەتەوە بۆ كەلوپەلەكانی ناویان و بردراون.

ئاودێر لوقمان، شوێنەوارناس لە شارۆكەی شارەزوور بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوو، هەتا ئێستەیش لەلایەن هاووڵاتییان و كەسانی تر، كە دەتوانین بڵێین دەست ڕۆشتون بەشی زۆری ئەو گرد و تەپۆڵكە و ناوچە شوێنەواریانەی سنووری شارۆكەكە هەڵدراونەتەوە بۆ كەلوپەلەكانی ناوی، یان كێڵراون، یان داگیر كراون.

زیاتر گوتی، ئەو شوێنەوارانە بەگشتی تێكچوون و هەڵدراونەتەوە كەلوپەلەكانی ناویان بە قاچاخ فرۆشراوە یان براوەتە دەرەوەی وڵات، بە دڵنیایەوە كەسانێك ئەو كارە دەكەن كە لە توانایان هەیە.

ڕوونی كردەوە، گرد و تەپۆڵكەی شوێنەوار هەیە لە سنووری شارۆكەی شارەزوور داگیركراو، كراوە بە خانوو، سەرەڕای ئەوەی زۆربەیان وێرانكراون.

هەر بەپێی زانیارییەكان لە ماوەی ڕابردوو لە چەند شوێنەوارێكی سنوورەكە كە بە فەرمی هەڵدراونتەوە لە كاتی كنەو پشكنین چەندان كەلوپەلی گران بەهای وەك موورو بەرد دۆزراونتەوە كە میژووەكەیان بۆ هەزاران ساڵان دەگەڕێتەوە.

بە گوتەی بەشی یاسایی شوینەوار و مۆزەخانەی سلێمانی پێشتر چەند كەسیان لەسەر زیادەڕۆیی و كێڵانی شوێن و گرد و تەپۆڵكە شوێنوارییەكان گرتووە و ڕووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران