سلێمانی.. كۆرۆنا 25%ی خۆڵ و خاشاكی كەم كردەوە

:: PM:09:00:09/04/2020 ‌
بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و چۆڵبوونی شەقام و گەڕەكەكانی سلێمانی، ڕێژەی خۆڵ و خاشاكیش 25٪ كەمیكردووە، وە لە هەمانكاتدا ڕێژەی خاشاكی دەستكێش و دەمامك و قاپ و كەلوپەلی پلاستیكیش هەبووە.

قاپ و پەرداخ و كەوچكی پلاستیكی بەكاردەهێنن
كوێستان محەمەد، هاووڵاتییەكی سلێمانییە و بۆ خۆپاراستنی خۆی و خانەوادەكەی لە تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، قاپ و كەوچك و پەرداخی پلاستیكی بەكاردەهێنێت و بۆ "وشە" دەڵێت، هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە هەموو ڕێكارەكانم گرتووەتەبەر، وەك خاوێن كردن و پاكژكردنەوە و جوان شتنەوەی میوە و خاوێنی لە خواردن دروستكردندا، هەروەها قاپ و پەرداخ و كەوچكی پلاستیكی بەكاردەهێنم بۆ ئەوەی یەكجار بەكاریبهێنین و دواتر فڕێی بدەین.

لای خۆیەوە نزار كەمال لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاریی شارەوانی سلێمانی سەبارەت بە ڕێژەی خۆڵ و خاشاك لە مانگی ئادار لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت: "لە مانگی ئاداردا بەهۆی ئەوەی كە هاووڵاتییان نەدەهاتنە سەرشەقام لەبەر قەدەغەی هاتوچۆ، بۆیە شەقامەكانی خاوێنتر بوو وە ڕێژەی خۆڵ و خاشاك بە ڕێژەی 25٪ كەمیكردووە".

ڕوونیشی كردەوە كە لە مانگی پێشوو ڕێژەی خاشاكی كارتۆن زۆر زیاتر بووە، هەروەها پاشماوەی دەمامك و دەستكێشیش لە مانگەوە زیاتر بووە لە مانگەكانی ڕابردوو.

سلێمانی لە ڕووی پاككردنەوە و كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك كراوە بە پێنج زۆنەوە، كە لە ڕێگەی چوار كۆمپانیا و شارەوانییەوە پاكدەكرێتەوە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - سه‌رخێڵ هاشم