زانیاری زیاتر لەسەر چاكسازی.. پلەی زیادەی فەرمانبەران وەردەگیرێتەوە

:: PM:09:20:09/04/2020 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوەكانی بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی رژد دەكاتەوە و بەپێی گوتەی ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، جێبەجێكردنی یاساكە دادپەروەری لە بواری مووچەدا دەستەبەر دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، جەلال محەمەدئەمین، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، یاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە و لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستانیش بڵاوكراوەتەوە، ماوەتەوە حكوومەت میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی یاساكە رابگەیەنێت.

هەر پڕۆسەیەكی چاكسازی لە پێناو هێنانەدی دادپەروەی و دادی كۆمەڵایەتییدا بێت، گرنگە
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی گوردستان گوتی "یاساكە چاكسازی لە خەرجیدا دەكات، بەو پێیەی 100 ملیار دینار بۆ خانەنشینی سەربازی دەڕوات، هەروەها مووچەی بندیوار ناهێڵێت، ئەوانەی بە نایاسایی لە وەزیر و بریكاری وەزیر و پلەی سەربازی خانەنشین كراون، دەخرێنەوە سەر پلەكانی خۆیان، ئەگەر شایستەش نەبێ مووچەكەی دەبڕدرێت".

"هێشتا لە هەندێ ناوچە مووچەی پێشمەرگە بە بڕ وەردەگیرێت نەك بە لیست، ئەمەش بواری گەندەڵی زیاد كردووە" جەلال محەمەد وای گوت.

لای خۆیەوە نەزاكەت حەمە سەعید مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هەر پڕۆسەیەكی چاكسازی لە پێناو هێنانەدی دادپەروەی و دادی كۆمەڵایەتییدا بێت، گرنگە لەم ساتەوەختەی هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوە كردووە، دەبێت بە وریایەوە  ئەم هەنگاوە بنرێت، هۆكارێك نەبێت بۆ برینی مووچەی كەم دەرامەتەكان و كەمئەندامان و خێزانە خاوەن داهاتە كەمەكان، لەلایەكی تریشەوە مەسەلەی بڕوانامەو پاراستنی پێگەی كەسایەتیە زانستی  و ئەكادیمی پەروەردەیەكان بێت و بە كەمكردنەوەی داهاتوو دەرماڵەكانیان كاریگەری نەكاتە سەر بوارە زانستیەكان.

دوێنێ‌ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كرد و لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی راپۆرتی وەزارەتەكانی پەسەند كرد.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - سه‌رخێڵ هاشم