ئاماری نوێى توشبووانى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان ڕاگه‌یه‌ندرا

:: PM:08:45:17/04/2020 ‌
كه‌مێك پێش ئێسته‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نوێترین ئاماری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سه‌رجه‌م شاره‌كانى هەرێمی کوردستان بڵاو كرده‌وه‌.

ڕێکارەکان بەردەوامن
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ڕاى گه‌یاندووه‌، "سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە".

1. کەرەنتین/

ژمارەی هاووڵاتییان لە کەڕەنتینەکان 7772 هاووڵاتیی بوون، ئێسته‌ تەنها 1336 هاووڵاتیی لە 30 شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە، 504 لە هەولێر، 69 لە سلێمانی، 745 لە دهۆك، 18 لە ڕاپەرین، 6436 هاووڵاتیی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواوبوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە 24سه‌عاتی ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو لە 77 هاووڵاتیی.

2. پشکنین/

لە ماوەی 24 سه‌عاتی ڕابردوو 1025 پشکنین ئەنجام دراوە، 393 هەولێر، 312 سلێمانی، 308 دهۆك، 12 هەڵەبجە، دەرەنجام دوو توشبووی نوێ لە هەرێمی کۆردستان تۆمار کراوه‌.

هەر دوو تووشبووی نوێ لە پارێزگای سلێمانین، ئافرەتێکی تەمەن 21 ساڵ کە بەرکەوتەی توشبووانی پێشووە وە پیاوێکی تەمەن 25 ساڵ  کە پێشتر گەشتی دەرەوەی  قوبرسی کردووە کە هەردووکیان دانیشتووی ناو شاری سلێمانین.

3. ئاماری گشتی/

کۆی گشتی توشبووان بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 337 توشبوو، لەنێویاندا چوار مردن هەیە و 244 نەخۆش چاکبووەتەوە، وە 89 نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان جارێکی تر تکا دەکەین هاووڵاتییان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی، وە لەکاتی پێویستدا پێوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە 122.


وشە - محەمەد میران