مەكتەبی سیاسی پارتی ڕاگه‌یاندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌

:: PM:09:37:17/04/2020 ‌
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاى گه‌یاند، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی كه‌جه‌كه‌ له‌باره‌ی دۆخی زینی وه‌رتێ ئاراسته‌ی پارتی كردبوو، ڕه‌تى ده‌كه‌ینه‌وه‌‌ و ئه‌و هێزانه‌ی ڕه‌وانه‌ی زینی وه‌رتێ كراون، هێزی پارتی نین و هێزی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن و له‌لایه‌ن وه‌زیری پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكاره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا ڕه‌وانه‌ كراون.

كێشەی پەكەكە لەگەڵ توركیایە، گۆڕەپانی كاری ئەوان توركیایە نەك هەرێمی كوردستان
كه‌مێك پێش ئێسته‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌ ڕاى گه‌یاندووه‌، "ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى نیسان، كەجەكە لە بەیاننامەیەكدا لەسەر بابەتی زینی وەرتێ، كۆمەڵێك تۆمەتی بێ بنەمای ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە. وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە بە توندی ڕەت دەكەینەوە جەختیش لەوە دەكەینەوە كە ئەو هێزانەی كە لە زینی وەرتێ جێگیركراون هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانە لەوێ جێگیر كراون، كە حكوومەتی هەرێم بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونی پەتای كۆرۆنا بڕیاری لەسەردا بوو و وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جووڵەی بەم هێزانە كردووە. ئەم هێزانە هێزی پارتی نین بەڵكو هێزی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن كە ئەركی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان جێبەجێ دەكەن."

زیاتر هاتووه‌، "پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە سەیری خەباتی هەموو حزب و رێكخراوەكانی تری كوردی كردووە و پشتیوانی داواكارییە سیاسی و مەدەنییەكانی گەلی كورد بووە. جێگەی سەرسووڕمانێكی زۆرە كە پەكەكە ئەو مافە بە خۆی بدات لە هەر شوێنێك كە پێی خۆش بێت هێز بنێرێت و دەست لە كاروباری ناوەخۆی هەرێمی كوردستان وەربدات بەڵام بەلایەوە ئاسایی نەبێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مومارەسەی دەستەڵاتەكانی خۆی لەسەر خاكی خۆی بكات."

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "بەداخەوە ئەو ڕەفتارەی پەكەكە ئێسته‌ و لە ساڵانی ڕابردوو لەدژی هەرێمی كوردستان ئەنجامی داوە، ڕەفتاری سەرەڕۆییانە و شەڕفرۆشانە بووە و هیچ ڕێزێكی لە دامودەزگاكان و سەروەری و ئاساییش و ئاسوودەیی و ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی نەگرتووە. بەهۆی ڕەفتارەكانی پەكەكە سەدان گوندی هەرێمی كوردستان ئاوەدان نەكراونەوە و ڕێگە لە ژیانی هەزاران هاووڵاتییی گیراوە و بەهۆی پەكەكەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان باجی زۆر گەوەرەی مرۆیی و ماددیان داوە."

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاى گه‌یاندووه‌، "ئەوەی تا ئێسته‌یش لە پەكەكە قبوڵ كراوە بە هۆی سینگفراوانی پارتی و هەرێمی كوردستان بووە كە چاوپۆشییان لە زێدڕەۆییەكانی پەكەكە كردووە. حەقیشە سەرانی پەكەكە تەقدیرییان بۆ ئەم هەڵوێستەی خەڵكی كوردستان هەبا و ڕەچاوی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیان كردبا و لانیكەم ڕێزی دامودەزگای هەرێم و هاووڵاتییانیان گرتبا كە ساڵانێکی دوور و درێژە تەحەمولی بوونی پەكەكەیان لەسەر خاكی هەرێم كردووە."

ئاشكراى كردووه‌، "كێشەی پەكەكە لەگەڵ توركیایە و باشتریشە لەبڕی شەڕفرۆشی و دروستكردنی سەرئێشە و گرفتی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان بچن كێشەكانیان لەگەڵ توركیا چارەسەر بكەن. گۆڕەپانی كاری ئەوان توركیایە نەك هەرێمی كوردستان."


وشە - محەمەد میران