ملیشیا چه‌كداره‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتی عێراقدا گرتووه و زیاتر له نیوه‌ی ئه‌و داهاتانه بۆ خۆیان ده‌به‌ن و حه‌په‌لووشی ده‌كه‌ن، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ كۆنترۆڵ و لێپرسینه‌وه‌یه‌كیان به‌سه‌ردا هه‌بێت.
ئه‌و كاته‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی داعش ده‌ستی به‌سه‌ر یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی عێراقدا گرت، هه‌ندێ لایه‌نی شیعه و له‌سه‌ر فتوای مه‌رجه‌عی ته‌قلیدیان، ملیشیا چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبیان دامه‌زراند، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌یانه‌وه به‌سه‌ر داعشدا زاڵ بن. ئه‌و هێزانه دواتر به‌یاساییكران و ئێستا له‌سه‌ر كاغه‌ز له چوارچێوه‌ی هێزی به‌رگری نیشتمانیی عێراقدان، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له به‌غدا، نایشارێته‌وه كه ئه‌و هێزانه بوونه‌ته "به‌ڵای گیانی عێراق".
دكتۆر ئه‌حمه‌د سه‌فار ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌غدا دووپاتی ده‌كاته‌وه، "ملیشیا چه‌كداره‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی داهاتی عێراقدا گرتووه".
ئه‌و له رێگه‌ی "وشه"وه ئاشكرای ده‌كات، "به‌شێكی زۆر له داهاتی خاڵه سنوورییه‌كان، باج و نه‌وت ناگاته حكوومه‌ت، چونكه ملیشیا چه‌كداره‌كان كۆنترۆڵیان كردووه".
ده‌روازه‌كانی سنوور شاده‌ماری ژیانی میلیشیاكانن
وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێ، "ته‌نیا به نزیكه‌ی 40%ی داهاتی ده‌رگا سنوورییه‌كان و 15%ی باج ده‌گاته حكوومه‌تی عێراق" و ئه‌وه‌ی دیكه هه‌مووی ده‌خرێته ناو گیرفانی ملیشیا چه‌كداره‌كان. دكتۆر ئه‌حمه‌د سه‌فار به روونی باسی له‌وه نه‌كرد كه مه‌به‌ستی له ملیشیا چه‌كداره‌كان به دیاریكراوی كامانه‌ن.
لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌غدا، چه‌ند جارێك به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه سنوورییه‌كانی عێراقیان بۆ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی خۆیان بانگهێشت كردووه بۆ ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر داهاتی ئه‌و خاڵه سنوورییانه بكه‌ن.
په‌رله‌مانتاره كورده‌كه ده‌ڵێ، "له ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كاندا بۆمان ده‌ركه‌وت زۆر خاڵی سنووری هه‌ن كه دوای كۆتایی هاتنی ده‌وامی فه‌رمی، ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سته‌ڵات و كۆنترۆڵی ملیشیاكان".
"له عێراق ئه‌وه حزبه‌كانن بڕیار له‌سه‌ر كار و ئه‌ركه‌كانی حكوومه‌ت ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌ستێوه‌ردانی ئاشكرایه. حكوومه‌ت ناتوانێ كۆنترۆڵی ئه‌و داهاتانه بكات و ئه‌مه‌ش دواجار كاره‌ساتی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. ده‌بێ حكوومه‌ت ئیراده و ئیداره‌ی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر بكه‌وێت"، ئه‌حمه‌د سه‌فار وای گوت.
حكوومه‌تی به‌غدا به هۆی یه‌كلانه‌بوونه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران و كابینه‌كه‌ی، په‌تای كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانی وه‌كوو دابه‌زینی نرخی نه‌وت، له ته‌نگژه‌دایه و وه‌ك ئابووریناسان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و حكوومه‌ته فریای خۆی نه‌كه‌وێت، ئه‌وا تووشی ته‌نگژه‌ی گه‌وره‌تر ده‌بێت.
وشه / كاوه جه‌م