عێراق.. وادەی دابەشكردنی كۆمەكی دارایی فریاگوزاری ئاشكرا دەبێت

:: PM:10:11:18/04/2020 ‌

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی جموجۆڵی ناو شارەكانەوە، خەڵكانێك تووشی زەرەر هاتنەوە، حكوومەتی عێراق بڕێك پارەی وەك كۆمەكی دارایی تەرخان كرد بۆ دابەشكردنی لە رێگەی فۆڕمێك و بە مەرجی دیاریكراوەوە، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دوا زانیاری لەوبارەوە ئاشكرا دەكات.
خێزانێكی پێنج كەسی 150 هەزار دینار وەردەگرێت
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كۆمەكە داراییە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، میكانیزمەكەیش بەو شێوەیە دەبێت، ئێستە دوای ئەوەی خەڵكەكە فۆڕمی پڕ كردەوە، لە قۆناغی لێوردبوونەوەین لەو زانیاریانەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە هاتووە و داوای كۆمەكەكەیان كردووە، دوای لێوردبوونەوە ئەوانەی دەیانگرێتەوە دیاری دەكرێن.

زیاتر گوتی، دوای دیاریكردنی ئەوان، پەیامێكیان بەو ژمارە مۆبایلەی تۆماریان كردووە لە فۆڕمەكە، بە دەست دەگات، كە ژمارەیەكی تایبەت لەخۆ دەگرێت و هەر خێزانێك دەتوانێت بەو ژمارە سەردانی هەر نووسینگەیەكی ئالوگۆڕی دراو یان كۆمپانیاكانی پێوەندی تەلەفۆنی بكات، ئەو ژمارە نهێنییە و بە هاوشێوەی كارتێكی زیرەكە، دەتوانن پارەكەی بۆیان دیاریكراوە وەری بگرن، هاوكات هیچ بڕە پارەیەكی وەك حموولەیان لێ وەرناگیرێت ئەوانە لەسەر حكوومەتن.

هینداوی روونی كردەوە، لە نیوەڕۆی پێنجشەمی رابردووەوە دەست بە پرۆسەی لێوردبوونەوە كراوە، ئێمە باسی دوو ملیۆن و 700 هەزار خێزان دەكەین كە داوای كۆمەكەكەیان كردووە، كە دەكاتە زیاتر لە 13 ملیۆن كەس، بۆیە رەنگە پێویستیمان بە هەفتەیەك بۆ 10 رۆژ هەبێت بۆ لێوردبوونەوە، پرۆسەكە بە درێژایی رۆژ بەردەوامە، كەی تەواو بوو كە هیوادارین ئەم هەفتەیە تەواوی بكەین، دوای ئەوە راستەوخۆ كۆمەكەكە خەرج دەكرێت.

لەبارەی بڕی پارەكەیش هینداوی دووپاتی كردەوە، بڕی 600 ملیار دیناری عێراقی بۆ مەبەستە تەرخان كراوە، بۆ هەر كەسێك 30 هەزار دینار تەرخان دەكرێت، بۆیە ئەگەر خێزانێك لە پێنج كەس پێكهاتبێت، بڕی پارەكە دەكاتە 150 هەزار دینار و بە پێی ژمارەی خێزان كەكتر و زیاتر دەبێت.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل