وەڵامێک بۆ تاقمەكەی لاهوور: هیچ نەبێ پابەندی سوێندەكەتان بن

:: AM:11:23:19/04/2020 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی تاقمەكەی یەكێتی دەداتەوە كە باسی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ دەكەن، دەڵێ پابەندی سوێندەكەتان بن.

هەر نا پابەندی سوێندەكەیان بن كە لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و گەل سوێندیان خوارد
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی نیسان، زانا مەلا خالید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە وەڵامی تاقمەكەی لاهوور كە داوای دووئیدارەیی دەكەن گوتی، پێویستە ئەو پەرلەمانتارانەی داوای دووئیدارەیی دەكەن، هەر نا پابەندی سوێندەكەیان بن كە لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و گەل سوێندیان خوارد.

ئەندامەكەی پەرلەمان گوتی، لە بیریانە لە بەردەم پەرلەمان سوێندیان خوارد كە پابەندی پاراستنی یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان دەبن.

ڕوونی كردەوە، پەرلەمانتار بە دەنگی گەل هاتووەتە پەرلەمان، بۆیە بۆ هەر پێشنیارێك پێویستە بگەڕێتەوە بۆ گەل نەك هەر شتێك هەبوو بیڵێت، چونكە موڵكی گەلە نەك موڵكی لایەنێك.

باسی لەوەش كرد، هەندێ لەو پەرلەمانتارانە هێشتا تێنەگەیشتوون دووئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ چ زیانێكی بە هەرێمی كوردستان گەیاند، دەنا داوای دوو ئیدارەیی ناكەن.

تاقمەكەی لاهوور ماوەی چەند رۆژێكە دوای ئەوەی یاخیبوونیان لە حكوومەت بەهۆی چاكسازی و پێشڤەچوونەكان ئاشكرابوو، كەوتنە بڵاوكردنەوەی پرسی دووئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ كە ئەوەیش لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە سەركۆنە دەكرێ‌.



وشە - رامیار جەواد