دوای ئەوەی کەناڵە فەرمییەکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە، دوو بارهەڵگر دەرمانی کۆرۆنایان بۆ پارێزگاکانی سنە و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناردووە، ئەو حزبە رووبەڕووی هەڵوێست و کاردانەوەی هاووڵاتییانی رۆژهەڵات بووەوە.
دوێنێ کەناڵە فەرمییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویان کردەوە، یەکێتی دوو بارهەڵگر دەرمانی بۆ هەردوو پارێزگای سنە و کرماشان رەوانە کردووە و بووە هۆی کاردانەوەی هاووڵاتییانی رۆژهەڵات و هاووڵاتییەکیش دەڵی، لاهوور و تاقمەکەی لەناو یەکێتی دەیانەوێ بە ناردنی دوو کارتۆن دەرمان، رووی رەشی خیانەتیان سپی بکەنەوە.
بۆ ئەوانەی شانازی بە دۆستایەتیی حاجی قاسم دەکەن، نه خەڵک رادەستی ئێران بکەنەوە بۆ لەسێدارەدان و نە سەدەقەش بۆ خەڵکی رۆژھەڵات بنێرن
هیوا رەزایی یەک لە هاووڵاتییانی رۆژهەڵات لە پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، ئەو هەواڵەی یەکێتی لە نوکتەیەکی تراجیدی دەچێت و ئاماژەی داوە، تکایە ئێوە مەمانفرۆشن، دەرمان و یارمەتی ئێوەیشمان ناوێت.
هەفتەی رابردوو مستەفا سەلیمی، زیندانی هەڵاتووی شاری سەقز کە سزای لەسێدارەدانی بە تاوانی ئەندامێتیی حزبی دیموکرات بەسەردا سەپێنرابوو، پەنای بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و لە شارەدێی گەرمکی سەر بە شارۆکەی پێنجوێن، ئاسایشی یەکێتی گرتی و راستەوخۆ رادەستی سوپای پاسدارانی کردەوە.
دوابەدوای رادەستکردنی، بەیانیی رۆژی شەموو بە فرمانی سوپای پاسداران لەناو زیندانی سەقز مستەفا سەلیمی لە سێدارە درا و ئەوەیش بووە هۆی تووڕەییەکی زۆری کوردانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و حکوومەتی هەرێم لەسەر داوای سەرۆک وەزیران لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی ئەو رووداوە پێک هێنا.
هێشتا لیژنەکە کارەکانی تەواو نەکردووە، میدیاکانی یەکێتی بۆ شاردنەوەی ئەو کەیسە و جووڵاندنی هەستی هاووڵاتییان هەواڵی ناردنی دوو بارهەڵگر دەرمانی کۆرۆنای لە میدیاکان بڵاو کردووەتەوە.
د. ئاوات عەلیار، یەک لە چالاکە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، بەرانبەر بەو هەواڵە هەڵوێستی وەرگرتووە و نووسیویەتی، بۆ ئەوانەی شانازی بە دۆستایەتیی حاجی قاسم دەکەن، نه خەڵک رادەستی ئیران بکەنەوە بۆ لەسێدارەدان و نە سەدەقەش بۆ خەڵکی رۆژھەڵات بنێرن.
عەلیار ئاماژەی بەوەیش کردووە، ئێمە سواڵکەر نین وەکو ئێوە، کە بۆ ماڵی دنیا وڵاتمان بفرۆشین و شەھیدانمان فەرامۆش کەین. وێنەیەکی لە هەواڵەکەیش بڵاو کردووەتەوە کە لە کوردسات نیوز بڵاو کراوەتەوە و نووسیویەتی، فەیک نیوز ئەوەیە.
سیروان یوسفی، چالاکی مەدەنی مەریوان بە "وشە"ی راگەیاند، رۆژهەڵات زۆر لەوە وریاترە خاکفرۆشێک بیهەوێت بە ناردنی دوو کارتۆن دەرمان چاوی ببەستێت لەئاست ئەو خیانەتە مەزنانەی لە نەتەوەکەی کردووە.
یوسفی دەڵێ، لاهور جەنگی دەیەوێ بە کارتۆنە حەبێکی پاراسیتامۆڵ بۆ سنە رووی ئەو خیانەتەی سپی بکاتەوە کە ویژدانی هەموو کوردێکی نیشتیمانویستی پێ بریندار بوو و یەک لە زیندانیانی سیاسیی رۆژهەڵات کە هانای بۆ ماڵی یەکێتی بردبوو، بێکەسکوژ کرد.
ئەو چالاکە مەدەنییە نایشارێتەوە، هێشتا هەفتەیەک بەسەر رادەستکردنی مستەفا سەلیمی، زیندانی سیاسیی سەقز تێنەپەڕیوە، ئەوانە دەبێ لە تۆرەمەی کورد نەبن ئەوەندە روو قایمانە بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن گۆیا دڵسۆزی کوردی رۆژهەڵاتن و دەرمانیان بۆ رەوانە دەکەن.
مستهفا سهلیمی بهرهبهیانی شهموو 11ی نیسان، له گرتووخانهی سهقز له سیداره درا، رۆژێك پێشتر چهندان كهناڵ و میدیا ههواڵه رادهستكردنهوهی ئهو گیراوه سیاسییهیان لهلایهن ئاسایشی پێنجوێنهوه بڵاو كردهوه.
دوای ئهوهی ههواڵی لهسێدارهدانی بڵاو بووهوه، ئاسایشی یهكێتی له راگهیهنراوێكدا رهتی كردهوه كهسێك بهناوی مستهفا سهلیمی هاتبێته سنووری پێنجوێن، بهڵام دوای ئهوهی چهند شایهتحاڵێك له شارهدێی گهرمك پشتڕاستیان كردهوه مستهفا سهلیمی پهنای بۆ ئهو ناوچهیه بردووه و لهلایهن ئاسایشهوه به بیانووی پشكنینی كۆرۆنا براوهته بنكهی ئاسایش، حكوومهتی ههرێم لهسهر داوای سهرۆك وهزیران بڕیاری پێكهێنانی لیژنهیهكی دا بۆ دهرخستنی راستییهكانی ئهو رووداوه.
مستهفا سهلیمی ماوهی 17 ساڵ بوو له گرتووخانهی سهقز به تاوانی هاوكاری حزبهكانی رۆژههڵات گیرابوو، دوای ئهوهی لهگهڵ 80 گیراوی تر لهو گرتووخانه رادهكهن و له رێی گوندی كهندهسووری بانه كه هاوسنووری ههرێمی كوردستانه، ئاودیوی گوندی سیاگوێزی شارهدێی گهرمكی سهر به شارۆكهی پێنجوێن دهبێت.