یه‌كێك له‌و دۆسیانه‌ی تا ئێسته به ئاڵۆزی له‌نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ماوه‌ته‌وه، دۆسیه‌ی تیرۆركردنی دوو به‌رپرسی په‌كه‌كه‌یه له شاخی ئەزمەڕ سلێمانی كه دواتر كه‌جه‌كه رای گه‌یاند، ئه‌و كاره به‌ده‌ستی ناوخۆیی كراوه و زانیاری دراوه به توركیا.
له ڕۆژی 15ی تشرینی یه‌كه‌می/ ئۆكتۆبه‌ر، 2019 هه‌ریه‌كه له ده‌مهات عه‌گید له باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ جه‌میل ئه‌حمه‌د كه پێشتر له شه‌ڕدا بریندار بووبوو و بۆ نه‌خۆشی سه‌ردانی سلێمانی كردبوو، له لایه‌ن فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانه‌وه كرانه ئامانج. ئه‌وكاته لێكدانه‌وه‌ی زۆر بۆ ئه‌و پرسه كرا و به‌شێك له چاودێران پێیان وا بوو كه بۆ شاردنه‌وه‌ی ساڵیادی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 ئه‌و كاره كراوه تا له بیری خه‌ڵك ببردرێته‌وه. به‌ڵام له‌وكاته‌وه دۆسییه‌كه به ئاڵۆزی له‌نێوان یه‌كێتی و په‌كه‌كه ماوه‌ته‌وه.
هه‌ردوو كادیره‌كه‌ی كه‌جه‌كه به هۆی كێشه‌ی ته‌ندروستییه‌وه سه‌ردانی سلێمانییان كردبوو
ئه‌و كاته كه‌جه‌كه له راگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، هه‌ردوو كادیره‌كه‌ی كه‌جه‌كه به هۆی كێشه‌ی ته‌ندروستییه‌وه سه‌ردانی سلێمانییان كردبوو له ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی ئاسمانی‌دا شه‌هید كران. ئه‌م هێرشه جارێكی‌تر نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه پیڵانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی له چوار پارچه‌ی كوردستان به‌رده‌وامه ئه‌م پیلانگێڕییه‌ی كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركی فاشیستی داگیركه‌ر ئه‌نجامدراوه، بێگۆمان ده‌ستی هێزه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كانیشی تێدایه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه كرابوو كه ده‌زانرێت كه ده‌وڵه‌تی تورك پێشتریش ئه‌و كادرانه‌ی كه خه‌باتی نه‌ته‌وی و دیپلۆماسی‌یان ده‌كرد به هه‌مان شێوه و به هاوكاری سیخوره‌كانیان شه‌هید كردووه.
دوای ئه‌و حه‌وت رۆژ له رووداوه‌كه كۆما جڤاكی كوردستان ئه‌و روونكردنه‌وه‌ی بڵاو كرده‌وه و ئاسایشی سلێمانیشی ناچار كرد كه روونكردنه‌وه بده‌ن و گوتیان، به‌هۆی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ئه‌و هێرشه ئه‌نجام دراوه.
له‌دوای ئه‌و كاته‌وه تا ئێسته په‌كه‌كه بێده‌نگی له‌و دۆسیه‌یه نه‌كردووه، به‌ڵكو چه‌ندان جار داوای روونكردنه‌وه‌یان له یه‌كێتی كردووه، به‌ڵام پێیان نه‌دراوه و یه‌كێتی وه‌ڵامی هیچ پرسێكی پێوه‌ست به‌و بابه‌ته ناداته‌وه.
ئه‌مڕۆ 19ی نیسان، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆكی ته‌ڤگه‌ری ئازادی كوردستان بۆ "وشه" گوتی، تیرۆركردنه‌كه جێی شه‌رمه‌زارییه كه له قوڵای شارێكی وه‌ك سلێمانی كارێكی له‌و جۆره بكرێ، چونكه لایه‌نی كه‌م ده‌بوو سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێمی كوردستان بپارێزرێت، بۆیه تیرۆركردنه هیچ بیانووێك هه‌ڵناگرێ.
هاوسه‌رۆكی ته‌ڤگه‌ری ئازادی/ رێكخراوێكی نزیك له په‌كه‌كه‌یه/ باسی له‌وه كرد، ئه‌و كرده‌یه له ڕێی پێدانی زانیاری له‌وكاته‌دا ئه‌نجام دراوه، بێگومان پێوه‌ندی به رازی كردنی دڵی توركیا هه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی زانیاریان پێ داوه، بۆیه بێگومان ئه‌گه‌ر زانیاری نه‌درێ هیچ فرۆكه‌یه‌ك ناتوانێ ئامانج بپێكێ.
به‌پێی قسه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌و حزبه هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه نه‌بووه و ته‌نانه‌ت له‌ناو مه‌كته‌بی سیاسیی باسی نه‌كراوه، به‌ڵام ره‌نگه له هه‌ندێك ده‌زگای تر تاوتوێی ئه‌و كرده‌یه كرابێ.
هه‌روه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌وه دۆسیه‌یه‌یه‌كی ئاڵۆزه له‌ناو ئه‌و لایه‌نه سیاسییه و " په‌كه‌كه هێشتا داوای روونكردنه‌وه و زانیاری له یه‌كێتی ده‌كات، چونكه گومان هه‌یه زانیارییه‌كان هه‌ر له هه‌رێمی كوردستانه‌وه رۆیشتبێت".
لای خۆیه‌وه هاوسه‌رۆكی ته‌ڤگه‌ری ئازادی له‌باره‌ی ئاڵۆزی ئه‌و دۆسیه‌یه له‌نێوان په‌كه‌كه و یه‌كێتی گوتی، ئێمه ئاگاداری ورده‌كارییه‌كان نین و پێویسته یه‌كێتی یان په‌كه‌كه وه‌ڵامی پرسێكی له‌و شێوه‌یه بده‌ن كه داوایان لێ بكرێ.
به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێوه‌ندی كه‌سی و تایبه‌تیان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه و قه‌ندیل هه‌یه زۆر جاریش وه‌ك هاوڕێیه‌تی سه‌ردانیان كردووه، بۆیه ئه‌وه گومانه‌كانی لای په‌كه‌كه زیاتر كردووه كه واز له‌و دۆسیه‌یه نه‌هێنێ تا به‌ته‌واوی ده‌گاته ئه‌نجام. هه‌رچه‌نده هێشتا په‌كه‌كه به ڕوونی هیچ كه‌سێكی تۆمه‌تبار نه‌كردووه.
ئه‌وه یه‌كه‌م دۆسییه‌ی ئاڵۆز نییه له‌نێوان یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی تر، به‌ڵكو چه‌ندان دۆسیه‌ی تر له‌نێوان ئه‌و حزبه و حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و په‌كه‌كه‌دا هه‌یه و هێشتا به ته‌واوی یه‌كلا نه‌كراونه‌ته‌وه.