وریایی لە رووخانی سیستمی سیاسی عێراق دەدرێت

:: PM:07:14:19/04/2020 ‌

لەوكاتەی عێراق بەدەست چەندان تەنگژەوە دەناڵێنێت، لەوانە تەندروستی و ئابووری و سیاسی و تەناهی و كۆمەڵایەتی، دوای ماوەیەكی زۆر كۆدەنگییەكی شیعە و نیشتمانی لەسەر مستەفا كازمی، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دروست بوو، بەها ئەعرەجی، سیاسەتوانی شیعە وریایی لە بوونی پلانێك بۆ شكستهێنان بە كازمی دەدات و دووپاتی دەكاتەوە، نیشانەكانی رووخانی سیستمی سیاسی لە عێراق دەركەوتووە.
ناكۆكییەكانی ناوماڵی شیعە پەنگی داوەتەوە و ئەگەری تەقینەوە هەیە
بەها ئەعرەجی، كە سەرۆك وەزیرانێكی پێشووتری عێراقە، ئەمڕۆ یەكشەم لە تویتێك وریایی لە بوونی پلانێك بۆ شكستهێنان بە پێكهێنانی حكوومەت لەلایەن مستەفا كازمی دا و نووسیویەتی، بەشێك لە سەرانی كتوپڕ هاتوونەتە دەسەڵات، هەوڵی لێدانی چاڵێك بۆ مستەفا كازمی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەدەن، بۆ شكستهێنان بە ئەركەكەی لە پێكهێنانی كابینەكەی.

زیاتر گوتی، با ئەوانەی بەدوای ئەو سەركردانە كەوتوون بیزانن كە بەوشێوە هەموومان دەكەوینە ناو چاڵەكەوە، بۆیە چیتر پاسازی شكستهێنانەوەتان مەیننەوە لە رێگەی بیردۆزی پیلانگێڕی و پاڵپشتی لە كازمی بكەن، ئەگەر لەگەڵ ئێوەیش جیاواز بێت، چونكە نیشانەكانی رووخانی سیستمی سیاسی لە عێراق وا دەركەوتووە. 

لەوكاتەی مستەفا كازمی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، رای گەیاند كە كابینەی حكوومەتەكەی تەواو كردووە و گەیشتووەتە قۆناغی گفتوگۆكردن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لەباریەوە، بۆ تێپەڕكردنی لەناو پەرلەمان، چاودێران پێیان وایە هێشتا چەند كێشەیەك ماوە، لەوانە بەشێك لە هێزە سیاسییەكان مەرجیان هەیە، تەنانەت لەناو خودی شیعە و ئەو هاوپەیمانیەتییەی پاڵپشتی لێ دەكات. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل