حكوومەتی عێراق توانای هێنانەوەی كەسی لە وڵاتانی تر نەماوە

:: PM:05:08:30/04/2020 ‌
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕای گەیاند، نزیكەی 14 هەزار عێراقی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە و بەهۆی زۆریی خەرجی لە هێنانەوە و كەرەنتینەكردنیان بیریان كردووەتەوە پلانی هێنانەوەیان ڕابگرن.

ئێستە هێنانەوە بۆ خێزان و ئەوانەی كە قووتابین لە پێشینەیە
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی نیسان، ئەحمەد سەحاف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی ئاماری فەرمی 13 هەزار و 836 هاووڵاتیی عێراقی لە ‌دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە و پێویستیان بەهێنانەوە هەیە.

زیاتر گوتی، "ئەو ڕێژەیەی هاووڵاتییانی عێراقی لە 19 وڵاتی دنیا گیریان خواردووە و پێویستیان بە هاوكاری و هێنانەوە هەیە، زۆربەیان لە ئۆكرانیا و توركیا و وڵاتانی ئەوروپین".

ڕوونی كردەوە، ئێستە هێنانەوە بۆ خێزان و ئەوانەی كە قووتابین لە پێشینەیە، تاكو ئێستە حكوومەت زیاتر لە 71 گەشتی تایبەتیان لە ‌ڕ‌ێی هێڵی ئاسمانی عێراقیەوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتان ئەنجامداوە، دواتر هاووڵاتییان لە لایەن تیمە تەندروستییەكان كەرنتینە كراون ئەمەیش بودجەیەكی گەورەی ویستووە، بۆیە بیر لە پلانی تر دەكەینەوە.

شایەنی باسە تا ئێستە نازانرێت پەنابەرانی عێراقی كە ژمارەیان چەند ملیۆن كەسێك دەبێت، چەندیان تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنان، دوا گەشتی هێنانەوەی هاووڵاتییانی عێراقی درەنگانی دوێنێ شەو بوو لە ڕێی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كە پێكهاتبوون لە چەندان خێزان لە وڵاتانی فڕەنسا و ئیسپانیا.


وشە - محەمەد میران