"وشە" ڕێكارەكانی وەرگرتنەوەی قەرزی حكوومەت لە كۆمپانیاكان بڵاو دەكاتەوە

:: PM:08:22:02/05/2020 ‌

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم هەفتەیەدا دەست بە وەرگرتنەوەی قەرزی لای كۆمپانیاكان دەكاتەوە و پەرلەمانتارێكیش ڕێكارەكانی وەرگرتنەوەی قەرزەكان دەخاتە ڕوو.

ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، لە كۆبوونەوەی نێوان مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و ئەو لیژنەی حكوومەت كە سەردانی بەغدایان كردبوو، بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا و دوای كۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریكراو بۆ ئاگاداركردنەوەی ئەو كۆمپانیا و لایەنانەی قەرزداری حكوومەتن، رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكوومەت دەست پێ بكات.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 800 ملیار دیناری لای كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانە، بەپێی یاسای چاكسازی كە حكوومەت دەستی بە جێبەجێكردنی كردووە، دەبێت پارەكە وەربگیرێتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 800 ملیار دیناری لای کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانە

شوان كەریم زراری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بەوەرگرتنی پارەكانی دەكاتەوە و بۆ ئەوەیش ڕێوشوێنی دیاریكراو پێڕەو دەكات، هەر كۆمپانیایە و وەبەرهێنەرێك بێتە پێشەوە و بەدەم بانگەوازەكەی حكوومەتەوە بێت، حكوومەتیش كار ئاسانی بۆ دەكات.

ئاماژەی بەوەیش كرد، بەڵام لە ئەگەری نەهاتنە پێشەوەی هەر كۆمپانیایەك و وەبەرهێنەرێك بە دەم بانگەوازەكەی حكوومەتەوە نەیات دەست بەسەر موڵك و ماڵەكەیدا دەگیرێت تا ئەوكاتەی قەرزەكەی دەداتەوە.

لە بارەی ئەوه كە حكوومەت چۆن كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران دەكات، زراری گوتی، بۆ نموونە ئەگەر كۆمپانیایەك هاتە پێشەوە لەبری ئەوەی بە دوو قیست پارەكەی لێ وەربگرێتەوە بۆی دەكات بەسێ قیست و چوار قیست، ئەمەیش وەك كارئاسانی بۆ خاوەن كۆمپانیایە و وەبەرهێنەرەكە تا بتوانێت قەرزەكەی بەڕێك و پێكی بداتەوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان