داعش پلانی هێرشكردنە سەر گوڵاڵەی هەیە

:: PM:09:50:02/05/2020 ‌

 چەكدارانی داعش لە زۆرینەی ناوچە كوردستانییەكان و چەند ناوچەیەكی عێراق، هاوشێوەی ساڵانی پێشتر بوونەتە مەترسی، نوێترین مەترسی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەیش لە شارەدێی گوڵاڵەی سەر بە شارۆكەی خانەقین ئاشكرا دەبێت، كە هەوڵی كردنەئامانجی دامەزراوە تەناهی و حكوومییەكان دەدا و شەوانە دێتە سەنتەری شارەدێكەوە.
نیشانەی دەركەوتنەوەی بە ئاشكرای داعشە لە ناوچەكە
نیهاد محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، بە"وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ شەموو، چەند مووشەكێكی ئاراستەكراوی داعش لە ناو جەرگەی گوڵاڵە ئاشكرا بوو، كە بە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گولاڵە دانرابووەنەوە.

 زیاتر گوتی، ئەو مووشەكانە شەو دانرابوونەوە، بەڵام ئەمڕۆ پووچەڵ كرانەوە لەكاتێكدا بە مۆبایلەوە بەسترابوونەوە بۆ تەقاندنەوە، روونی كردەوە، ئەوە یەكەمجارە پاش چاندنی بۆمب، داعش بەوشێوەیە مووشەك دابنێتەوە و ئاراستەكەیشی دیاری بكات، ئەوەیش نیشانەی دەركەوتنەوەیانە بە ئاشكرا.

 یەعقووب یووسف، بەڕێوەبەری شارۆكەی گوڵاڵە، بە "وشە"ی راگەیاند، داعش پلانی ئەوەی هەیە دامەزراوە تەناهی و حكوومییەكان بكاتە ئامانج، بۆ ئەوەیش سوودی لە بۆشای تەناهی و لاوازیی هێزە تەناهییەكان بینیوە، بۆ ئەوەی مووشەك  ئاراستەی دامەزاوە تەناهی و حكومییەكان بكات، كە لە گەڕەكی تەجنید، لەسەر رۆخی رووباری سیروان، ئەو مووشەكانەیان دانا بووەوە.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل