ڤیكتۆر كاتۆنا سه‌رمایه‌دار له گرووپی كۆمپانیای ئێم ئۆ ئێل و پسپۆر له ئه‌نجوومه‌نی كاروباری نێوده‌وڵه‌تی ڕووسیا له بابه‌تێكی كه له پێگه‌ی
ئۆیل پرایس بڵاوكراوه‌ته‌وه، باس له دۆخی ئێسته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، دوای ڕێككه‌وتنی ئۆپێك پله‌س، عێراق ده‌بێ 1.1 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه بۆ ده‌ره‌وه كه‌م بكاته‌وه، بۆیه چیتر پێویستی به نه‌وتی هه‌رێم نییه و فشاریان له‌سه‌ر دروست ده‌كات.
له بابه‌ته‌كه هاتووه، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی عێراق له ته‌نگژه‌یه‌كی قووڵی سیاسی و بێ حكوومه‌تییه و هاوكات ڤایرۆسی كۆرۆنایش له ناوچه جیا جیاكان بڵاوبوونه‌ته‌وه و ڕۆژانه حاڵه‌تی نوێ تۆمار ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌و زیانه ئابووری و ئاوه‌دانییه زۆره‌یش كه به‌هۆی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشه‌وه تووشی بوو، گه‌ڕێكی تری گرژی و ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی بودجه ده‌ستی پێ كرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له هه‌فته‌ی ڕابردوو حكوومه‌تی عێراق كه ئێسته به كرده‌یی له‌لایه‌ن سامر غه‌زبانی وه‌زیری نه‌وتی عێراق به‌ڕێوه ده‌برێت، بڕیار له‌سه‌ر بڕینی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان درا.
به‌غدا بۆ جێبه‌جێكردنی یه‌كه‌مجار تۆمه‌تی بۆ كوردستان دروستكرد، تا ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیله‌ی له كوردستانه‌وه ڕاده‌ستی ده‌كرێ كه‌می بكاته‌وه
ئاماژه‌ی داوه، به گوێره‌ی ڕێككه‌وتنی پێشووی حكوومه‌تی فیدرال و هه‌رێمی كوردستان، ده‌بوو مانگانه به‌غدا 900 ملیۆن دۆلار ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیله‌یش ڕاده‌ست نه‌كات، ئه‌وا هه‌ر له‌سه‌ر به‌غدا پێویسته 380 ملیۆن دۆلاری مووچه‌ی كارمه‌ندان ڕه‌وانه بكات، چونكه ئه‌مه جیا كرایه‌وه له پرسه سیاسی و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پێشتریش له چه‌ندان كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه، كه ڕێ ناده‌ن مووچه و قووتی كارمه‌ندان بخرێته نێو ململانێ سیاسی و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانه‌وه.
ڤیكتۆر له‌باره‌ی بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌و ساته هه‌ستیاره‌دا ده‌ڵێ، ئه‌مه بۆخۆی جێی پرسیاره و ڕه‌نگه زۆرترین لێكدانه‌وه و تۆمه‌ته‌كانی پێشوو دژی یه‌كتر بڵێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ڕاستییه و پێویسته هه‌موومان لێی ئاگه‌دار بین ئه‌وه‌یه، كه پاش ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به ڕێژه‌ی 60% هه‌ره‌سی هێنا، ئیتر وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت له ڕێكخراوی ئۆپێك و ڕووسیا جارێكی تر كۆبوونه‌وه و بڕیاریان دا به ڕێژه‌ی نزیكه‌ی 10 ملیۆن به‌رمیل له ڕۆژێكدا هه‌نارده‌ی نه‌وت كه‌م بكه‌نه‌وه. به گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه پێویسته عێراق ڕێژه‌ی 23%ی كۆی هه‌نارده‌ی ڕۆژانه‌ی نه‌وتی خۆی كه‌م بكاته‌وه، كه ئه‌مه‌یش ده‌كاته 1.1 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت و ڕێككه‌وتنه‌كه‌یش له سه‌ره‌تای مانگی ئایار/مایۆ خرایه بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه، ئه‌م پابه‌ندبوونه‌ی عێراق و چوونه ناو ڕێككه‌وتنه‌كه، هۆكاری دروستبوونی ئه‌م دۆخه خراپه‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئیتر به‌غدا وه‌كوو پێشوو نییه و چیتر پێویستی به هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان نییه له ڕێی كۆمپانیای سۆمۆوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته خۆی هه‌نارده‌ی نه‌وتی شوێنه‌كانی تریش كه‌م بكاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه بۆ یه‌كه‌م هه‌نگاو كار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كوردستان ده‌كات، ئه‌مه هه‌م وا ده‌كات ئاسانتر بتوانێ پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئۆپێك پله‌س بێت، هه‌میش له‌و ته‌نگژه داراییه، به‌هۆی كۆرۆنا و داعش و دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه، تێچووه‌كانی كه‌م ده‌كاته‌وه و كه‌متر بودجه خه‌رج ده‌كات، كه مانگانه پێشتر ده‌بوو نزیكه‌ی ملیارێك دۆلار ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات.
به گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه عێراق ده‌بێ هه‌نارده‌ی نه‌وت 1.1 ملیۆن به‌رمیلی ڕۆژانه كه‌م بكاته‌وه
بنه‌مای دروستبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و بودجه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، بریتییه له‌و ڕێككه‌وتنه‌ی ئۆپێك پله‌س، حكوومه‌تی فیدرال و هێزه‌كانی شیعه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێ نه‌ده‌ن ئه‌وه ڕوون ببێته‌وه، ده‌سبه‌جێ ده‌ستیان به دروستكردنی تۆمه‌ت بۆ وه‌زیری دارایی حكوومه‌تی عێراق كرد و واژوویان كۆ كرده‌وه تا بیده‌نه دادگا به‌هۆی ناردنی پاره بۆ هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئیتر كێشه‌كه به‌لایه‌كی تره‌وه بردرا و به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕاستییه‌كه نه‌خرایه ڕوو. وه‌زیری دارایی عێراق كورده و تۆمه‌تباریان كردووه به‌وه‌ی پێنج ملیار دۆلاری له سامانی گشتی له 2019 به هه‌رێمی كوردستان داوه.
جێی باسه جاران به‌غدا بۆ ده‌سكه‌وتنی پاره و سامانی زیاتر فشاری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد، به‌وه‌ی نه‌وت ڕاده‌ستی سۆمۆ بكات و پاره‌كه‌یشی بچێته گه‌نجینه‌ی گشتییه‌وه، به‌ڵام ئێسته نایه‌وێ به‌ر له كوردستان، هه‌نارده‌ی نه‌وتی به‌سڕه و ناوچه‌كانی تر كه‌م بكاته‌وه، بۆ پابه‌ندبوون به ڕێككه‌وتنی ئۆپێك پله‌س، به‌ڵكوو یه‌كه‌م هه‌نگاو به دروستكردنی كێشه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد، تا ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیله نه‌هێڵێت له هه‌نارده‌ی ڕۆژانه‌ی دا، كه ئه‌مه‌یش بڕێكی باشه و وا ده‌كات سه‌رجه‌می ئه‌و 1.1 ملیۆن به‌رمیلیه‌ی له‌سه‌ریه‌تی كه‌می بكاته‌وه، له نه‌وتی باشوور و ناوه‌ڕاست نه‌یبڕێت. پێشبینی ده‌كرێ ئه‌مه‌یش دۆخێكی سه‌خت له ڕووی دارایییه‌وه دروست بكات، وه‌كچۆن له ساڵی 2014یش به هه‌مانشێوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرا.