ژمارەیەک بڕیاری نوێ‌ بۆ هاووڵاتییانی هەولێر دەرچوو

:: AM:11:01:11/05/2020 ‌
ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر، كۆمەڵێك بڕیاری نوێی بۆ كردنەوەی شوێنە گشتییەكان دەركرد.

ئەمڕۆ دووشەم 11ـی ئایار، لە ڕاگەیەنراوێكی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر ڕوون كراوەتەوە، هەموو ئەو شوێنانەی كراونەتەوە و كار دەكەن، دەبێ پابەندی تەواوی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا بن، هەر شوێنێك پابەند نەبێت، ڕێكاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.          

خۆیان لە شوێنە قەرەباڵغەكان بەدوور بگرن و دەستكێش و دەمامك ببەستن 
لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوەش كراوە، هێشتا مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆتایی نەهاتووە و پێویستە هاووڵاتییانی پارێزگای هەولێر زۆر بەهەستیارانە مامەڵە بكەن، خۆیان لە شوێنە قەرەباڵغەكان بەدوور بگرن و دەستكێش و دەمامك ببەستن.                                                                     

ڕوون كراوەتەوە، یانەی مەیخواردنەوە، نێرگەلەكێشان، شوێنی مەساج، هۆڵی ئاهەنگگێڕان، هۆڵی پرسە، دانانی پرسە و سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەكان قەدەغەیە و شوێنەكانیش بە داخراوی دەمێننەوە.            

ئەو بڕیارانەی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ بڕیار دراوە تەواوی بازاڕ و داودەزگا حكوومییەكان بكرێنەوە.                                                       



وشە - رامیار جەواد