پشدەر.. كۆمیتەیەكی یەكێتی كۆبوونەوە بەهێزە ئەمنییەكان دەكات

:: PM:10:00:11/05/2020 ‌

لەو كاتەی هێزە تەناهییەكان بە بەشێكی هەستیاری حكوومەت دادەنرێن و مەرجەعی خۆیان هەیە، كۆمیتەی پشدەری یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، كۆبوونەوەی حزبی بە هێزەكانی پاسەوانی سنوور دەكات، ئەمەیش كاردانەوەی لێ دەكەوێتەوە.
نایاساییە هەر حزبێك لە كاتی دەوامی فەرمی كۆبوونەوە بە هێزی ئەمنی بكات
بە پێی چەند وێنەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، دەردەكەوێت كۆبوونەوەی حزبی بە هێزە ئەمنییەكان دەكرێت، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، كۆبوونەوەكە لەلایەن كۆمیتەی پشدەری یەكێتییەوە بە هێزەكانی پاسەوانی سنوور كراوە.

 زیاد كاكە ڕەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەم بە "وشە"ی راگەیاند، كارێكی نەشیاو و نایاساییە كە هەر حزبێك بۆ هەر مەبەستێك، كۆبوونەوە لە كاتی دەوامی فەرمی بە هێزی ئەمنی بكات.

زیاتر گوتی، هێزە ئەمنییەكان مەرجەعی خۆیان هەیە، كە داودەزگە فەرمییەكانی حكوومەتی هەرێمن، جا پۆلیس بێت یان ئاسایش یان پێشمەرگە، هەموو یەكە ئیدارییەكان مەرجەعی خۆیان هەیە و ئاسایی نییە بۆ هیچ حزبێك كۆبوونەوەیان پێ بكات لە كاتی دەوامی فەرمیدا.

لەبارەی پرسی لامەركەزییەوە كە یەكێتی بانگەشەی بۆ دەكات، تا چەندە لەگەڵ ئەم بنەمایانە یەك دەگرێتەوە؟، كاكە ڕەزا روونی كردەوە، پرسی لامەركەزیەت دەبێت یەكە ئیدارییەكان بەڕێوەی ببەن، نەك حزب، چونكە ئەمە دژی فەرمانڕەوای دیموكراسی و مەدەنیەتە.

چاودێران پێیان وایە بانگەشەی لامەركەزیەت لە لایەن یەكێتییەوە تەنیا بۆ دروستكردنی گوشار و بەدەستهێنانی دەستكەوتی حزبی زیاترە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل