ئەمەریكا سێ تریلیۆن دۆلاری تر بۆ پاڵپشتیی ئابووری تەرخان دەكات

:: AM:10:07:13/05/2020 ‌

كاریگەرییەكانی كۆرۆنا، كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئابووری ئەمەریكا هەبووە و ئەو وڵاتە پێشتر سەرووی دوو تریلیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیی لە ئابووری تەرخان كردبوو، ئێستەش قسە لە دابینكردنی سێ تریلیۆن دۆلار دەكرێت.

نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا باسی لە پڕۆژەكە كردووە و گوتوویەتی، پێشتریش هەر لە كۆنگرێس سەرووی دوو تریلیۆن دۆلاری تریان تەرخان كردبوو و دواجار لە لایەن سەرۆكی ئەمەریكاوە واژوو كرا.
سەرووی 33 ملیۆن كەس داوای بیمەی بێكارییان كردووە.

ئەمەریكا بە خراپترین دۆخدا تیدەپەڕێت و رێژەی بێكاری لەوەتەی دەیەی 1930 تا ئەم ئاستە بەرز نەبووەتەوە، سەرووی 33 ملیۆن كەس داوای بیمەی بێكارییان كردووە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، پیلۆسی ئاماژەی بەوە كردووە لەو سێ تریلیۆن دۆلارە، یەك تریلیۆن دۆلاری بۆ ویلایەت و ئیدارە خۆجێیەكان تەرخان دەكرێت.

جگەلەمە بڕیار دراوە هەر كەسێك مانگانە هەزار و200 دۆلار یارمەتی پێ بدریت و هەر خێزانێك شەش هەزار دۆلاری پێ دەدرێت. سەرووی 75 ملیار دۆلاریش بۆ پشكنینی كۆرۆنا تەرخان دەكرێت.

پێویستە ئەم پڕۆژەیە سەرەتا لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند بكرێ، پاشان ئەنجوومەنی پیران دەنگی پێ بدات .

لە ئەمەریكا سەرووی ملیۆنێك و 400 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون و سەرووی 83 هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە.





وشە - سلێمان تاشان