دوای جەژن كابینەی حكوومەتی كازمی تەواو دەكرێت

:: PM:04:22:23/05/2020 ‌

حكوومەتی مستەفا كازمی لە 7ی ئەم مانگە پەسند كرا و لە كۆی 22 وەزارەت، 15 وەزارەتی تێپەڕ كران، حەوت وەزارەتیش بەهۆی بوونی ناكۆكی لەسەر كاندیدانیان دوا خران، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی "فەتح"، دووپاتی كردەوە كە كازمی كاندیدی شەش وەزارەتی دیاری كردووە و ئەوانی بۆ هێزە سیاسییەكان خستووەتە روو و دوای جەژن لە پەرلەمان دەخرێنە دەنگدانەوە.
شەش وەزارەت كاندیدیان دیاری كراوە
حەسەن شاكر، ئەمڕۆ شەموو گوتی، لە كۆی حەوت وەزارەتی بەتاڵ كازمی، شەش كاندیدی بۆ شەش وەزارەت دیاری كردووە و ئەوان بۆ هێزە سیاسییەكان خراونەتە روو، بەڵام تا ئێستەیش كاندیدی وەزارەتی نەوت یەكلا نەكراوەتەوە، چونكە چەندان ناو پێشكەیش كراون، بۆیە هێزە سیاسییەكان چاوەڕوانی دیاریكردنی وادەی دانیشتنی پەرلەمانن بۆ دەنگدان كە پێشبینی دەكرێت دوای جەژن بێتە سازكردن.

پێشتر فالح عیساوی، پەرلەمانتاری سوننە گوتبووی، ناوی كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكانی حكوومەتی كازمی كە دیاری كردوون، قبووڵكراون و كەسانی سەربەخۆین و هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان لە پەرلەمان دەنگیان پێ دەدات.

شایەنی باسە وەزارەتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و كۆچ و كۆچبەران و رۆشنبیری و داد و دەرەوە و نەوت، هێشتا وەزیریان بۆ دیاری نەكراوە، لەوكاتەی لە 12ی ئەم مانگە كازمی، چەند وەزیرێكی حكوومەتەكەی بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەوان بە وەكالەت دیاری كرد.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل