عێراق.. دوای جەژن یاسای هەڵبژاردن تەواو دەكرێت

:: PM:04:38:23/05/2020 ‌

یاسای نوێی هەڵبژاردن وەك كاردانەوەیەك و لەسەر داوای خۆپێشاندەران، كە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان كرد، هاتە دانان، بەڵام تا ئێستە پەسند نەكراوە و یاساكە كەموكوڕی تیادایە و پێویستە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە، پەرلەمانتارێك دووپاتی دەكاتەوە كە دوای جەژن تەواوكردنی یاساكە گرنگی لەپێشینەی پێ دەدرێت.
یاسای هەڵبژاردن دەكرێتە گوشارێكی سیاسی
سادق سلێتی، پەرلەمانتاری "سائیروون"، كە ئێستە هاوپەیمانیەتییەكەی هەڵمەتێكی گوشاری بۆ سەر سەرۆكی پەرلەمان و حكوومەت دروست كردووە، دووپاتی كردەوە كە هەڵمەتی ئەوان بۆ دەستكردنەوەی پەرلەمان بە دانیشتنەكانی بۆ زیندووكردنەوەی یاسا پەكخراوەكانە و دوای جەژن، تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردنی گرنگی لەپێشینەی دەبێت.

زیاتر گوتی، پێویستە دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق لە دوای جەژندا رێكبخرێنەوە، واشی دەبینین گرنگترین یاسا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، یاسای هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، كە پەرلەمان بە شێوەیەكی كۆتایی پەسندی نەكردووە، بۆیە پێویستە خشتەكانی ناو یاساكە تەواو بكرێت لە فرەبازنەیی و بدرێتە سەرۆك كۆمار و ئینجا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەست بە كارەكانی بكات و وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت، بۆیە بە پێویستی دەزانین پەرلەمان یاسای هەڵبژاردن تەواو بكات.

چاودێر و شارەزایانی دۆخی عێراق پێیان وایە یاسای هەڵبژاردن كەموكورتی زۆری تیادایە كە ئەوانە جێگەی مشتومڕێكی زۆر دەبن لەكاتی تاوتوێكردنی لەناو پەرلەماندا، لەوانە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، جیا لەوەی كە ئەو بۆشایانەی ناو یاساكە وەك بۆمبی دانراوە وان، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە نین كە ئەگەری زۆر هەیە تیایدا دۆڕاو دەبن، بەڵام ئەوان بۆ گوشاری سیاسی لە دژی یەكتر ئەو بابەتە دەقۆزنەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل