هەولێر.. وادەی چاكبوونەوەی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ دیاری كرا

:: PM:05:10:23/05/2020 ‌

تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو لە شاری هەولێر سەرقاڵی چاككردنەوەی بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێن، كە بەهۆی تەقینی بۆڕییەكەوە لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر گرفتی كەمئاویی بۆ دروست بووە. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێ 1600 بیری ئاو لە شارەكە هەن و بە كارەبای مۆلیدە و سەرچاوەكانی تری وزە كار دەكەن.
كێشەی كەمئاوی بەزووترین كات چارەسەر دەبێت
مەسعوود كاڕەش، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆكان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە "وشە"ی راگەیاند، بۆڕی ئاوی ئیفراز3 لە شاری هەولێر تەقیوە و بەوهۆیەوە گرفتی كەمئاویی لە چەند گەڕەكێك دروست بووە، سەبارەت بە چاككردنەوەی بۆڕییەكە روونی كردەوە، ئێستە تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو لە هەوڵی رژدن تا بەزووترین كات بۆڕییەكە چاك بكەنەوە و گرفتی كەمئاویش لەو چەند گەڕەكە چارەسەر بكرێت.

لەبارەی وادەی چاكبوونەوەی بۆڕیی ئاوی ئیفراز3، ئاشكرای كرد، تیمەكانی ئاو ئێستە هەوڵی رژد دەدەن بۆ چاككردنەوەی بۆڕییەكە و سبەی، واتە یەكەم رۆژی جەژن، چاك دەبێتەوە و بەهۆیەوە گرفتی كەمئاوی لەو گەڕەكانە چارەسەر دەبێت.

ئیفرازی سێ لە ڕۆژێكدا 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەكات، كە دەكاتە 40%ی شاری هەولێر. هەروەها ئاری محەمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دووپاتی كردەوە، كارەبای مۆلیدەمان بۆ بیرەكانی چەند گەڕەكێك دابین كردووە تا لە رۆژانی جەژنیشدا ئاو دابین بكەن، روونی كردەوە، لە شاری هەولێر هەزار و 160 بیری ئاو هەن، 90 لەو بیرانە كارەبای مۆلیدەیان بۆ دابین كراوە، 300 بیریش دوو سەرچاوەی كارەبایان هەیە، زیاتر لە 700 بیریش یەك هێڵی كارەبایان هەیە. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دووپاتی دەكاتەوە، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ چارەسەری هەر گرفتێك و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل