گەرمیانییەكان پاڵپشتی لە چاكسازییەكانی حكوومە‌تی هەرێم دەكەن

:: PM:11:34:23/05/2020 ‌

پاش گوتاری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە دووپاتی لە ئەنجامدانی چاكسازی و  رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كردەوە، چالاك و رۆشنبیر و توێژە جیاوازەكانی گەرمیان، پشتگیری لە هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیران دەكەن، پێیان وایە دەبێت هەموو تاكێكی دڵسۆز هاوكاری هەنگاوەكانی حكوومەت بێت.
پشتگیری خەڵك بۆ حكوومەت لەم قۆناغەدا ئەركێكی نیشتمانییە
 ئارام ئەحمەد ، وەك چاودێرێك بۆ "وشە" ئەوەی خستەروو، سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە دوا گوتاری مانگی رەمەزاندا، راشكاوانە هێمای بۆ ئەوە كرد كە حكوومەت و خەڵك بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدان چاكسازیان پێویستە، بۆیە لەو رووەوە دەبێ هاووڵاتییان، هەست بە لێپرسراویەتی بكەن كە سەرۆكی حكوومەتەكەیان وا راستگۆ و راشكاوە لە گەڵیان.

زیاتر گوتی، سەۆكی حكوومەت و كابینەكەی، لە ناوخۆ و لە دەرەوە، بگرە لەلایەن هەندێك لە هاوبەشەكانی كابینەكەشییەوە، وەك پێویست هاوكاری نین، بۆیە شەقام دەبێ لەوە تێبگات كە هاوئاهەنگی و پشتگیری خەڵك بۆ حكوومەت لەم قۆناعەدا ئەركێكی نیشتمانییە.

 چالاك نەجم، سەرپەرشتیاری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، وەك رێكخراوەكانی گەرمیان بە هەموو شێوەیەك، پشتگیری لە هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەكەین، بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی.

 زیاتر گوتی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی، كارێك نییە بە تەنیا بە حكوومەت بكرێت، بەڵكو هاوكاری و یارمەتی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و چاكەكاران و كەسانی نیشتمانپەروەری پێویستە، بۆیە پشتگیریكردن لە هەنگاوەكانی حكوومەت بە كارێكی گرنگ دەزانین.

 ئەو سەرپەرشتیارەی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدنی روونی كردەوە، قەیرانی دارایی لە ئاكامی بڕینی بودجە و مووچەی كوردستان هاتووەتە ئاراوە، لەم كاتەدا بە پشتگیریكردنی حكوومەت و بەرگرتن لە بەهەدەردانی داهاتی وڵاتەكەمان، دەتوانین لە روووە ئابورییەكەشەوە پاڵپشتی لە حكوومەت بكەین.

 ئەمیرە عەلی، وەك مامۆستایەك لە گەرمیان، هێمای بۆ ئەوە كرد، گوتارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لێوان لێو بوو لە لێدان لە بەرژەوەندی گەندەڵكار و ناحەزانی ئەم كابینە سەركەوتووە، كە لەسەر ئاستی جیهان بە نموونە بیهێنینەوە، سەركەوتووترین حكوومەت بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.

 دوێنێ مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گوتارێكدا دووپاتی لەوە كردەوە كە دەبێ چاكسازی بكەین، بۆ ئەو هەنگاوەیش نەیشاردەوە كە پشتیوانی خەڵك و نیشتمانپەروەر و لایەنە سیاسییەكانیان پێویستە.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل